لە پاشماوەی پلاستیك بیئاڕسۆن بۆ ڕێگا و شۆستەكان دروستدەكات

ماتی بەهۆی داهێنانە تایبەتەكەیەوە وەك یەكێك لە (پاڵەوانە گەنجەكانی زەوی بۆ ساڵی 2020)هەڵبژێردرا

ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كارەكانی ژنە خاوەنكارێكی كینیی بەرزدەنرخێنیت دوای هەڵبژاردن بەمدواییە لەنێو حەوت داهێنەر كە نازناوی (گەنجە پاڵەوانەكانی زەوی بۆ ساڵی 2020)یان پێدراوە.

نزامبی ماتی (29 ساڵ) یەكێكە لە هەڵبژێردراوانی نازناوەكە پاش چارەسەركردنی كێشەی پاشماوە پلاستیكییەكان، كە نەك تەنها سەرلەنوێ بەكارهێنانەوەیان لەخۆدەگرێت، بەڵكو وایكردووە نرخەكەی هەرزانتر بێت لەو پارچە بیئارتۆنە چیمەنتۆیانەی بۆ شۆستە و شەقامەكان بەكاردەهێنرێت.

بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ژینگە هەموو ساڵێك ژمارەیەك گەنجی پێشەنگ لە بواری پارێزگاری لە ژینگە لەسەر ئاستی جیهان هەڵدەبژێرێت.

بەپێی بەرنامەكە لە هەر خولەكێكدا ملیۆنێك دروستكراوی پلاستیكی لە جیهاندا دەفرۆشرێت و زۆرینەشیان سەرلەنوێ بەكارناهێندرێنەوە.

كارگەی گەنجەكە، كە پسپۆڕی لە ئەندازیاری ماددەكاندا هەیە، كار لەسەر دروستكردنی كەلوپەلی بیناسازی لە ماددەی بەكارهێنراو و جێگرەوە و بە نرخی گونجاو دەكات و لەم بوارەشدا بووەتە پێشەنگ.

ماتی، كار لەسەر دروستكردنی ماددەی هاوڕێی ژینگە دەكات بۆ ڕاخستنی لە ڕێگاكان كە لە تێكەڵەیەكی پاشماوە پلاستیكییەكان و لم و چیمەنتۆ دروستدەكرێت.

بەپێی ماتی، كارگەكەی ڕێككەوتنی لەگەڵ كارگە جیاوازەكاندا كردووە بۆ بەدەستهێنانی شمەك و كەلوپەل و بوتڵە پلاستیكییەكان بەمەبەستی دووبارە بەكارهێنانەوەیان.

هەروەك هەماهەنگی لەگەڵ كۆكەرەوە نافەرمییەكانی پاشماوە پلاستیكییەكاندا هەیە و لە بەرامبەردا بڕێك موچەی جێگیریان پێدەدات.

ماتی دەڵێت، “توانیومانە كار و سەرچاوەی داهات بۆ زیاتر لە 112 كەس دابینبكەین كە زۆرینەیان ژنان و منداڵانن”.

گەنجەكە ئاماژە بەوەدەكات كە ئەو ئاستەنگەی ئێستا لە كارەكەیدا ڕوبەرووی دەبێتەوە زۆری خواستە لەبەرامبەر توانای سنوورداری بەرهەمهێنان.

“ڕۆژانە نزیكەی 500-1000 پارچە دروستدەكەین و، بۆ ئەمەش ڕۆژانە نزیكەی 500 كیلۆگرام پاشماوەی پلاستیكی بەكاردەهێنین” ماتی وایوت.

ئامانجی ماتی لە پرۆژەكەیدا دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ پارێزگاری لە ژینگە و فەراهەمكردنی ماددەی بیناسازییە بە كەمترین تێچوو، لەگەڵ پێشكەشكردنی چارەسەر بۆ شوێنە نیشتەجێبوونە نەگونجاوەكان لە كینیادا.

بابەتی پێشتر

ڕۆژینی 12 ساڵان بە جانتایەک و چاکەتێکەوە ڕۆژێکە ماڵی جێهشتووە و نەگەڕاوەتەوە

بابەتی دواتر

ئوزێل پێشکەشی گەورەی ئیتاڵیا کراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share