ئاسۆ مامەند رایدەگەیەنێت، “بە توندی ئیدانە و رووبەڕووی ئەو پیلانانە دەبینەوە کە دەکرێتە سەر خاکی کوردستان، هێرشکردنە سەر دژەتیرۆر، هێرشکردنە سەر تەواوی خەڵکی کوردستان”.
لە میانەی بەشداریکردنی لە بەخاکسپاردنی شەهیدانی دژەتیرۆر، ئاسۆ مامەند، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نشتمانیی كوردستان، ئاماژەی بەوەکرد “دەبێت بە توندی رووبەڕووی ئەو پیلانانە ببینەوە کە هەر رۆژەی بە بیانوویەک دەکرێتە سەر خاکی کوردستان و ئیدانەی توندیشی دەکەین”.
داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، “رووبەڕووی ئەو کارە دڕندانەیە ببنەوە چونکە ئەوە کارێکی ناڕەوا و ناحەقە، دڵنیایی دەدەینە کەسوکاری شەهیدان هەر کەسێک دەستی لەو پیلانەدا هەبووبێت رووبەڕووی سزای خۆیان دەکەینەوە و لە خوێنی شەهیدەکانمان خۆشنابین”.
ئەو كارگێڕەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت، ” هێرشکردنە سەر دژەتیرۆر، هێرشکردنە سەر تەواو خەڵکی کوردستانە، لە هەرشوێنێکیش رووبەڕووبوونەوە هەبوبێت بۆ پارێزگاری لە خاکی کوردستان کەرکوکییەکان ئامادەبوون و قوربانی زۆریان داوە”.