مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: ریسوایی بۆ پەلاماردەرانی وڵاتەکەمان

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت رایدەگەیەنێت “هێرشی دوژمنکارانەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، هێرشە بۆ سەر تێکڕای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سنووری کۆماری عێراقی فیدراڵ”.

ئاماژە بەوەشدەکات، “کردەوە پڕ لە تاوان و دوژمنکاریەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت سنوور بەزاندنێکی لە ڕادەبەدەری هەرێمی  کوردستانە و جێبەجێکردنی ئەو پیلانە دژ بە مرۆڤایەتیە کە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنووری سلێمانی بە تایبەتی دارێژراوە”.

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی وێڕای ئیدانەکردنی ئەو تاوانە تەئکید “لە پێویستی یەکریزی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە بۆ بەرەنگاری مەترسییەکانی سەر هەرێمەکەمان، ئەم جۆرە پەلاماردانە دوژمنکاریانەی سەر هەر بستێکی هەرێمی کوردستان بە پەلاماردان بۆ سەر بەشێکی جوگرافیای عێراقیش دەزانین”.

دەشڵێت، “پەلاماردانی هەر یەکەیەکی هێزەکانی هەرێمی کوردستان کە لە پێکهاتەی هێزە چەکدارەکانی عێراق و لە دەستووری هەمیشەییدا بە فەرمی  ناسێندرابێتن واتای پەلاماردانە بۆ سەر مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عێراقیش، بۆیە جارێکی تر داوا و تەئکید لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەینەوە کە چیتر   نابێت لەئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆک و دوژمنکاریانەی داگیرکەراندا بێدەنگی هەڵبژێرن و دوژمنان بە وڵاتەکەمان خۆش بکەن”.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی داوایەکیش ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێت، “بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسیی و دیبلۆماسیانە و سەرکۆنەکردنی ئەم پەلامارانە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندە ئازادیخوازەکانی دونیا دەکەین کە هاودەنگمانبن لە گەیاندنی پەیامی ریسواکردنی ئەم جۆرە تاوانانە و بکەرەکانیان کە بوونەتە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر تێکڕای مرۆڤایەتی”.

لە کۆتایدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزانی شەهیدان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات “هەر لێرەوە پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین کە لە پێناوی بەرگری و پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی هەرێمەکەماندا گیانیان بەخشی،  هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، ریسوایی بۆ پەلاماردەرانی وڵاتەکەمان”.

بابەتی پێشتر

یونیسێف: 300 هەزار منداڵی لیبیا بەهۆی زریانەکەوە زیانیان بەرکەوتووە

بابەتی دواتر

جەلال شێخ ناجی: دەرفەت ناهێڵینەوە بۆ ناحەزانمان ئارامیمان تێکبدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share