سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری رایدەگەیەنێت، دڵنیایی دەدەین سەقامگیری و ئاسایش لە پێشینەی کارەکانمانە و دەرفەت ناهێڵینەوە بۆ ناحەزانمان ئارامیمان تێکبدەن.
دەقی پەیامەكە:
بەتوندترین شێوە ئیدانەی کردەوە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین کە بەهۆیەوە سێ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستانمان شەهیدبوون و سێ پێشمەرگەی دیکەشمان برینداربوون.
وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەینەوە سەقامگیری و ئاسایش لە پێشینەی کارەکانمانە و بەھەموو ھەوڵێکمانەوە رووبەڕووی تەحددییە ئەمنییەکان دەبینەوە و لە بەرامبەر ئەم تاوانەش کە بەزاندنی ئاشکرای خاک و ئاسمانی هەرێم و عێراقە، سوورترمان دەکات کە ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمەکەمان بپارێزین و دەرفەت نەهێڵینەوە بۆ ناحەزانمان ئارامیمان تێکبدەن. داواش لە حکومەتی فیدڕاڵی عیراق دەکەین کە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی سەرشانی جددی تر رابپەڕێنێت و رێگری بکەن لەم پێشێلکاریانە کە سەقامگیری وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان.
جەلال شێخ ناجی
سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری