هۆشداری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکەی لیبیا لە عێراق دەدرێت

راپۆرتێکی نوێ ئاشکرایدەکات، لە دوای رووخانی بەنداوەکانی شاری دێرنەی لیبیا، لە ئێستادا بەنداوی موسڵ مەترسیدارترین بەنداوی جیهانە و مەترسی کارەساتێکی گەورەی لێدەکرێت.

بەنداوی موسڵ لە ساڵی 1986 لەسەر رووباری دیجلە دروستکراوە، بە یەکێک لە کۆگا گەورەکانی گلدانەوەی ئاو لە عێراق هەژماردەکرێت.

لە ساڵی 2016 باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد هۆشداریی دایە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە ئەگەری رووخانی بەنداوەکە عێراق جێبهێڵێن و بە ئەگەری روودانی کارەسات ناوی بردبوو.

ئەم هۆشدارییە دوای دوو ساڵ لە دواى داگیركردنی بەنداوەكە بوو لە ساڵی 2014 کە بووبووە رێگر لەبەردەم نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە.

لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ و تێپەڕبوونی چەند ساڵێک حکومەتی ئیتاڵیا هاوکارییەکانی بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە دەستپێکرد، بەڵام بە وتەی شارەزایان مەترسیی رووخانی بەنداوەکە هێشتا بەردەوامە.

پێگەی ناشناڵ جوگرافیک لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، ئەگەر بەنداوی موسڵ بڕووخێت و لە ماوەی سێ بۆ چوار کاتژمێردا کاری بەپەلە نەکرێت، دەبێتە هۆی مردنی یەک ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتیی کە لە کەناری رووباری دیجلە نیشتەجێن.

هاوکات تەواوی شاری موسڵ کە گەورەترین شاری باکووری عێراقە ژێر ئاودەکەوێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا 21 مەتر ئاستیی ئاو بەرزدەبێتەوە، شەپۆلێکی دەریایی بە درێژایی 280 کیلۆمەتر بەرەو باشووری رووباری دیجلە دەڕوات.

یەکێک لەو زیانانەی کە رووخانی بەنداوەکە دروستی دەکات، ژێرئاوکەوتنی هەزاران شوێنەواری مێژوویی وەک شوێنەواری نەمروود و نەینەوا کە پایتەختی ئاشوورییە کۆنەکان بووە، مۆزەخانەی موسڵ، ئاو دەیبات، ژمارەیەک لە شوێنە ئاینییە پیرۆزەکانیش لەناودەچن.

بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دڵنیایی لە دۆخی بەنداوەکەدا و جەختیکردەوە دۆخەکە ئارام و جێگیرە.

لە چەند رۆژی رابردوودا گەردەلولی دانیاڵ وڵاتی لیبیای گرتەوە بەهۆیەوە دوو بەنداوی شاری دێرنە رووخان و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بێسەروشوێن بوون.

بابەتی پێشتر

هەرێم كەمال ئاغا: زۆرینەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەگەڵ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدان

بابەتی دواتر

نەسڕ بردییەوە و ڕۆناڵدۆش گۆڵی کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share