سەرۆكی ئەندازیاران لە كۆمپانیای نەوتی باكوور رایدەگەیەنێت، ” بۆئەوەی هاوڵاتییانی هەرێم لە نەهامەتی 10 ساڵی رابردوو رزگاریان بێت، پێویستە رۆژێك زووتر دۆسیەی نەوت بدرێتەوە دەست بەغداد و با خۆیان لە رێگەی دروستكردنی كۆمپانیایەكەوە ئیدارەی بدەن”.
فەرهاد حەمزە محەمەد سەرۆكی ئەندازیاران لە كۆمپانیای نەوتی باكوور لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیوویەتی، هەرێم لە یاسای بودجەدا دركی بەوە نەكرد كە ناتوانێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستبكات لەبەر جیاوازیی زۆری كرێی تێچوونی بەرمیلێك نەوت لە نێوان هەرێم و بەغداد”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر پڕانسیپی (جدوی اقتصادی) كاردەكات و هەڕ كێڵگەیەك سوودێكی ئابوریی وەهای نەبێت لەكاتی ئێستادا وازی لێدەهێنێت و دوای دەخات بۆ سەردەمی خۆی كە بەشیكی زۆری كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان دەكەونە ئەم چوارچێوەیەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “ئەو دەستوورەی كە خۆشمان دەنگمان پێداوە لە بواری نەوت هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەكان بە یەك چاو سەیر كراون و هیچ تایبەتمەندییەك بە هەرێمەكان نەدراوە”.
بە بڕوای فەرهاد حەمزە بۆئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەم چەرمەسەرییەی 10 ساڵە پێوەی ئەتلێتەوە رزگار بێت، پێویستە رۆژێك زووتر دۆسیەی نەوت بدرێتەوە دەست بەغداد و با خۆیان لە رێگای دروستكردنی كۆمپانیایەكەوە لە هەرێم ئیدارەی بدەن.