جەیمس جێفری: بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیلە

کێڵگەیەکی نەوتی لە ڕۆژئاوای کوردستان

جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ڕایگەیاند کە ئەو نەوتەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەمدەهێنرێت بڕەکەی 100 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە و بەشێکی لێ دەفرۆشرێت.

جەیمس جێفری لە نوسینێکدا کە لەلایەن (WILSON CENTER)ەوە بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە، “هێزەکانی سوریای دیموکرات، کۆنترۆڵی ئەو کێڵگە نەوتییانەیان کردووە کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون، بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەگاتە 100 هەزار بەرمیل”.

جێفری نوسیویەتی کە بەشێک لەو نەوتە لە ناوخۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەکاردەهێنرێتەوە بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ، بەشێکی دیکەی دەفرۆشرێت، بەپێی کێبڕکێی ئەو نرخانەی کە لایەنە ناوخۆییە پەیوەندیدارەکان دەیکڕن، هەروەها بەشێکیشی لەگەڵ حکومەتی سوریا بازرگانی پێوەدەکرێت، وەک چۆن داعش هەمان کاری دەکرد.

بەپێی ئەو نوسینەی جەیمس جێفری بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە، “داهاتی فرۆشتنی نەوت ساڵانە دەگاتە ملیاران دۆلار، کە داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەو دەزگا حکومییە ناوخۆییانەی پەیوەندیدارن بەوان”.

لەلایەکی دیکەوە میدیا عەرەبییەکان، لەزاری سەرچاوەکانی حەسەکەوە بڵاویانکردەوە کە ئەمڕۆ شەممە 27ی کانونی یەکەم زیاتر لە 100 تانکەری گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەی نەوتی ڕمێلانەوە ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان کراون و لەڕێگەی دەروازەی هۆرەی نزیک ڕەقە گواستراونەتەوە.

پێستریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ژمارەیەک سزای یاسایی ڕاگەیاند کە بەشێک لە کەس و لایەنەکانی پەیوەستن بە دۆسیەی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت لە نێوان خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی سوریا.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ هەڵمەتێكی فراوانی كوتان دژ بە كۆرۆنا لە ئەوروپا دەستپێدەكات

بابەتی دواتر

بۆکسین دەی.. ئەمڕۆ یەکشەممە پریمەرلیگ بەردەوام دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share