كەشناسی جیهانی: بەكۆتایی ئەمساڵ 10 ساڵە زۆر گەرمەكە دوایی دێت

قەتیسبوونی گەرما هۆكارە بۆ گەرمبوونی هەسارەی زەوی

ڕێكخراوی كەشناسی جیهانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت، بە كۆتایی هاتنی ئەمساڵ ئەو دەیە زۆر گەرمەی لە تۆمارەكانیدا (2011-2020) كۆتایی دێت، دەشڵێت پێشبینی بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەكات لە ساڵانی داهاتوودا.

ئەو ڕاگەیەنراوە بووە مایەی سەرسامی هەندێك لە شارەزایان، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ ڕودانی دیاردەی (نینیا) بەدیكرا، كە تیایدا پلەكانی گەرما دادەبەزێت و بە دوایشیدا ساڵانێكی سارد دێن.

بەپێی سایتی (كلایمت)ی فەرمی دیاردەی نینیا بریتیە لە كەمبوونەوەی پلەی گەرمای ڕووی سەرەوەی ئاو لە دەریا و زەریاكاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی گەرمای هەسارەكە.

پیتیری تالاس، سەرۆكی ڕێكخراوە جیهانییەكە وتی، “سەرەڕای دەركەوتنی دیاردەی نینیا، گەرمای ئەمساڵ نزیك بوو لە پێوانەیی كە دەكرێت بەراورد بكرێتەوە بە ژمارەی پێوانەیی پێشوو لە ساڵی 2016”.

ڕێكخراوەكە شەش ساڵی ڕابردووی بە زۆرترین گەرم لە تۆمارەكانیدا ناوبرد.

بەپێی ئامارەكانیش دە مانگی یەكەمی 2020 تائێستا لە ڕیزبەندی دووەمدایە لەنێو بەرزترین پلەكانی گەرمادا، دوای 2016 و پێش 2019 كە ئەمیان لە ڕیزبەندی سێیەمدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانس و دەستەكانی تایبەت بە كەشوهەوای ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهان و ئاژانسی ناساش، مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو لەنێو زۆرترین گەرمەكاندا و دووەم زۆرترین مانگی گەرمە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.

نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت، لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوەوە لە جیهاندا چەندین دەیەیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای هەر یەكێكیان بەرزترە لەوەی پێشوویان، بەهۆكاری پەیوەندیدار بە قەتیسبوونی گەرما، پێشبینیش دەكرێت لەسەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت.

ئەگەرێكیش بە ڕێژەی یەك لەسەر پێنج هەیە كە ناوەندی پلەی گەرمای جیهان بە گەیشتنە ساڵی 2024 بەشێوەیەكی كاتی 1.5 پلەی سەدی تێپەڕێنێت.

بابەتی پێشتر

سەرۆكوەزیرانی پێشووی ژاپۆن داوای لێبوردن لە گەلەكەی دەكات

بابەتی دواتر

جوتیارە نمونەییەكە: واز لە خزمەت دێنم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share