توێژینەوەیەک: تووشبوون بە شێرپەنجە لە کەسانی خوار 50 ساڵ زیادیکردووە

توێژینەوەیەک سەبارەت بەو کەسانەی کە تووشی شێرپەنجە بوون و تەمەنیان لە خوار 50 ساڵییەوەیە ئەنجامدراوە دەرکوتووە کە ژمارەی ئەو کەسانە لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی ٪79 زیادیکردووە لە ماوەی سێ دەیەدا.

توێژینەوەکە بە سەرۆکایەتیی زانکۆی ئەدینبۆرگی سکۆتلەندی و سکوڵی پزیشکیی زانکۆی ژێجیانگ لە هانگژۆی چین ئەنجامدراوە و تێیدا توێژەران داتای 204 وڵاتیان شیکردووەتەوە کە 29 جۆری شێرپەنجەیان لەخۆگرتووە.

بەپێی ئەو توێژینەوەیە، کە وردەکارییەکانی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوەکراوە کە رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە سەرەتای دەرکەوتنیدا لە سەرانسەری جیهاندا زیادیکردووە و لە یەک ملیۆن و 820 هەزار کەسەوە لە ساڵی 1990 بووە بە 3 ملیۆن و 260 هەزار تا ساڵی 2019.

لەلایەکیترەوە مردن بە شێرپەنجە لەنێو ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە نێوان 30 تا 40 ساڵی یان کەمتردایە بە رێژەی %27 زیادیکردووە و ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە خوار تەمەنی پەنجا ساڵییەوە بەهۆی شێرپەنجەوە گیان لەدەست دەدەن.

نووسەرانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە خراپی خۆراک، بەکارهێنانی کحول و تووتن، ناچالاکیی جەستەیی و قەڵەوی لە هۆکارەکانی پشت بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی توشبوون بە شێرپەنجەن.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوایەک سەبارەت بە شەهیدانی کەرکوک لە بەغداد دەکات

بابەتی دواتر

کەشناسی: خۆڵبارین دەبێت و کەش فێنک دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share