نەوت بەرزترین ئاستی 10 مانگی رابردووی تۆمارکرد

ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت یەک دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە و بەرزترین ئاستی خۆی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە تۆمارکرد.

دوای ئەوەی سعودیە و روسیا درێژکردنەوەی نوێی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانیان تا کۆتایی ئەمساڵ راگەیاند، ئەمەش نیگەرانی واڵاتانی لێکەوتەوە لە ئەگەری کەمیی دابینکردن لە ماوەی زستاندا کە خواستێکی زۆر لەسەر وزە هەیە.

نرخی ئەمڕۆی نەوتی خاوی برێنت 1.04 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کە دەکاتە 1.2% بەرزبووەوە و گەیشتە 90.04 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و ئەمەش یەکەمجارە لە دوای 16ی تشرینی دووەمی 2022ەوە لە سەرووی ئاستی 90 دۆلارەوە جێگیر ببێت.

نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا بە بڕی 1.14 دۆلار بەرزبووەوە کە دەکاتە 1.3% و هەر بەرمیلێک بە 86 دۆلار و 69 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش بەرزترین ئاستیەتی لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا.

خۆرخی لیۆن، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ریستاد ئینێرجی دەڵێت، “درێژکردنەوەی سنوردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، ئاماژەیەکی روونە کە نرخی نەوت بۆ سعودیە گرنگترە نەک قەبارەی دابینکردنەکەی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم هەنگاوانە دەبێتە هۆی کەمیی نەوت بازاڕی جیهانی و تەنها یەک دەرئەنجامی لێدەکەوێتەوە، ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە سەرانسەری جیهاندا”.

 

بابەتی پێشتر

تۆمەتبارێک بە سی هەزار دۆلارەوە دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم: پلەی گەرما دادەبەزێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share