ستران عەبدوڵا: سەرۆك بافڵ داوایكرد راستەوخۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو بابەتەی لە كەركوك ھەیە چارەسەربكرێت

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رایدەگەیەنێت، سەرۆكی یەكێتیی و ھەڤاڵانی ئێمە لە كەركوك هەر لەسەرەتاوە لەسەر هێڵ بوون كە ئەم رووداوانە نەگاتە ئەوەی خوێنی تێكۆشەر و لاوانی كورد برژێت و یەكێتی پێی وایە بارەگایەك ئەوە ناهێنێ خوێنی لاوانی كوردی لەسەر بڕژێت

ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەلێدوانێكیدا بۆ راگەیاندنەكانی یەكێتیی وتی، ئەم بارودۆخەی كەركوك بارودۆخێكی نەخوازراوە.سەرۆكی یەكێتی و ھەڤاڵانی ئێمە لە كەركوك هەر لەسەرەتاوە لەسەر هێڵ بوون كە ئەم رووداوانە نەگاتە ئەوەی خوێنی تێكۆشەر و لاوانی كورد بڕژێت و یەكێتی پێیووایە بارەگایەك ئەوە ناهێنێ خوێنی لاوانی كوردی لەسەر بڕژێت.

راشیگەیاند، شاری كەركوك جەمسەرگیریەكی توندی ئیقلیمی و ناوخۆیی لەسەرە، نابێت كەركوك بخرێتە ناو موغامەڕەی سیاسییەوە و سەرۆك بافڵ داوایكرد كە راستەوخۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو بابەتەی لە كەركوك ھەیە چارەسەربكرێت، كێشەكە بۆ ھێزە خۆجێیەكان بەجێنەهێڵدرێت.

وتیشی، “كاتی ئەوە هاتووە رێگە لەوە بگیرێت كە بارودۆخی كەركوك لەوە ئاڵۆزتربێت و ھەر كاتێك بەرەنگاری شۆڤینی و تیرۆریزم دێتە پێشەوە یەكێتی ئامادەیە خوێن ببەخشێت و ھەموو تێكۆشانێك بكات، بەڵام بەشێك نابین لەسەرچڵی سیاسی لە كەركوك و كارێكی خراپیشە لەبەر موغامەڕەی سیاسی و وەرگرتنەوەی بارەگایەك خوێنی لاوانی كورد بڕژێت”.

ستران عەبدوڵا پێیووایە، حكومەتی عێراق دەبێت دوو ئەرك جێبەجێبكات یەكەمیان ئەم ئاڵۆزییە بەرەو نەمان بچێت و عەسكەرتاریەتی كەركوكیش كۆتایی پێبهێندرێت.

ئاشكراشیكرد، سەرۆك بافڵ و سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان كرد و سەرۆك بافڵ تەئكیدی لەوە كردەوە كە پڕۆسەی سیاسی لە كەركوك بارگرژی تێدانەبێت.

ستران عەبدوڵا دەشڵێت، “روومان لەھەڵبژاردنە، پارتی بیەوێت ئەمەی كەركوك بكاتە كەرەستەیەك بۆ ئەوەی خۆی بێتەوە شاری كەركوك ئەوە كارێكی زۆر زۆر خراپە و كەمپینی ھەڵبژاردن پێویستی بەخۆشی و ئاوەدانی و ئارامی ھەیە بۆ ئەوەی گەنجانی كورد بە حەماسەوە بەشداری تێدابكەن، پێویستی بەوە نییە خوێنی كوردی تێدا بڕژێت”.

بابەتی پێشتر

زانکۆی سلێمانی خوێندکارانی وەرگیراوی ماستەر و دکتۆرا ئاگاداردەکاتەوە

بابەتی دواتر

بە هەوڵی یەكێتی سەرجەم دەستگیركراوان ئازادكران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئازاد محەمەد ئەمین: بە ناردنی بەنزینە 450 دینارییەكە
نرخی سەرجەم جۆرەكانی بەنزین هەرزاندەبێت

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی حكومەتی عێراق جێبەجێبكرێت بۆ ناردنی سووتەمەنی بۆ پارێزگاكانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی ناوەڕاست…
Total
0
Share