رۆژنامەی ئەلعەرەب: پشكی هەرێم لە بودجە تا كاتێكی نادیار سڕكراوە

پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق تا كاتێكی نادیار راگیراوە و لەلایەن هێزە شیعەكانەوە وەك كارتی فشار بەكاردەهێنرێت، وەك ئەوەی رۆژنامەی (ئەلعەرەب) بڵاوكردووەتەوە.

رۆژنامەكە لە زاری كەسانی ئاگاداری سیاسییەوە بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی ناوەند بۆ ئەم مانگەش بڕێك پارە وەك سلفە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمەش مانای خەرجنەكردنی پشكی هەرێمە لە بودجەدا كە لە حوزەیرانی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندكرا.

هەر لە زاری ئەوانیشەوە دەڵێت، حكومەتی عێراق، كە لە پشتییەوە چێوەی هەماهەنگی هەیە و دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای عێراق پێكدەهێنێت، پشكی هەرێم وەك كارتی فشار بەرامبەر كورد بەكاردەهێنێت پەیوەست بە چەند دۆسیەیەك، لەوانەش پرسی بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەكان.

چوارشەممەی رابردوو شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی كرد و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومیی عێراقیدا ئەنجامدا، بەڵام شاندەكە بێ ئەنجام گەڕانەوە.

دوێنێ سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە دوایین سەردانیدا، شاندی هەرێم داوای مووچەی مانگەكانی 7 و 8ی لە بەغداد كردووە و لەبەرامبەردا پێشنیازی ناردنی بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە حكومەتی عێراق داوای رادەستكردنی تەواوی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان دەكات، كە ئەوەش پێچەوانەی رێككەوتنەكانە و دەبوو 50%ی داهاتی نانەوتی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ عێراق.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی زانیارییەكانمان بەغداد زیاتر لەوەی رێككەوتنی لەسەركراوە و داوادەكات، هەرچەندە پێشتر رێككەوتن كراوە حكومەتی عێراق ئامادەنییە مووچەی دوو مانگ بنێرێت كە لە هەرێمی كوردستان دوو مووچە نەدراوە، ئێستا عێراق داوای 100%ی داهاتی هەرێم دەكەن و هەناردەی نەوتیش راگیراوە ناتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینبكرێت.

هاوكات فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئێستا كە یاسای بودجە دەركراوە هیچ رێگایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەبەردەم هەرێم نەماوە و تەنها دەتوانرێت رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئێستا كە یاسای بودجە دەرچووێندراوە ئەگەر وەك خۆی لەسەر هەرێم جێبەجێبكرێت مانگانە لە پشكی هەرێمی كوردستان 100 ملیار دینارمان بۆ نامێنێتەوە و وتیشی، “هەفتەی رابردوو لەگەڵ چەند بەرپرسێكی عێراق قسەم كردووە هەمان بۆچوونیان هەبووە و پێویستە ئێستا رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت بەدەر لە یاسای بودجە كە تێیدا هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر زەرەرمەندنەبن”.

بابەتی پێشتر

ئاگاتان لە بازاڕی گواستنەوەى پاریسە؟

بابەتی دواتر

شارەوانیی سلێمانی لەبارەی دانانی ریكلامی نایاساییەوە هۆشداری دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share