لە عێراق پێنج كەس بە تۆمەتی كوشتی مامۆستایەكی ئەمریكی سزادەدرێن و چەند كەسێكی دیكەش لە دۆسیەكەدا داواكراوبوون و هەڵاتوون.
لەو بارەیەوە دوو بەرپرسی هەواڵگریی عێراقی كە نەیانوویست ناویان ئاشكرا بكرێت، رایانگەیاندووە، لە كوشتنەكەدا كەسێكی ئێرانی و چوار كەسی عێراقی سزادراون.
هاوكات یەكێك لە بەرپرسەكان رایگەیاند، تۆمەتبارەكان لە كاتی دادگاییكردنەكەدا دانیان بەوەدا ناوە كە لەكاتی ڕفاندنیدا بە هەڵە تەقەیانكردووە و ئاماژەی بەوەشكردووە، بە دوو ئۆتۆمبێل هێرشیانكردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی مامۆستاكە.
بەرپرسانی عێراق راشیانگەیاند، دادگای تاوانەكانی عێراق رۆژی پێنجشەممە لەسەر كوشتنی هاوڵاتییەكی ئەمریكی لە بەغداد لە ساڵی رابردوودا، سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر پێنج كەسدا سەپاند.
ستیڤن ئێدوارد ترۆڵی تەمەن 45 ساڵ، خەڵكی ویلایەتی تێنسی، لە مانگی نۆڤەمبەردا كاتێك لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی بوو لە گەڕەكی كەڕادەی بەغداد تەقەی لێكراو كوژرا.