بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، هەوڵی ئەوان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و راستەقینەیە لە وادەی خۆیدا، هەڵبژاردنێک کە تێیدا کوردستان و خەڵکەکەی سەرکەوتووبن.
ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە مارک سترۆ کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێم کرد و لە دیدارێکدا جگە لەوەی هەریەک لە پرسەکانی سەقامگیریی هەرێم، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عیراق و بەردەوامیی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
هەر لە دیدارەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێی ئەمریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێکەیدا بۆ خواست و پشتیوانیی یەکێتیشی بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا، فراوانکردنی هەماهەنگییەکان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکان بۆ دووپاتکردەوە.
هاوکات لەبارەی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەکانەوە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد، “ئامانجی یەکێتی کۆدەنگیی نێوان هێزە کوردستانییەکان و هەوڵدانە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، بۆ ئەمەش هەوڵی زۆرمان داوە و پێمانوایە کوردستانێکی بەهێزتر پەیوەستە بە یەکڕیزی و یەکگرتووییمانەوە”.
پرسی هەڵبژاردن تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو و لەو بارەیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی روونکردەوە و رایگەیاند، “هەوڵی ئێمە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و راستەقینەیە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، هەڵبژاردنێک کە تێیدا کوردستان و خەڵکەکەی سەرکەوتووبن”.