وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاگاداری سەرجەم ئەو كارمەند و ئەفسەرانە دەكاتەوە كە لەتاقیكردنەوەی (ماستەر و دكتۆرا) وەرگیراون سەردانیان بكەن و دەشڵێت، “تەرخانكردنی كورسیەكانیش بەشێوەی كێبڕكێ دەبێت”.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە تێیدا هاتووە، “ئەو فەرمانبەر و كارمەند و ئەفسەرانەی دامەزراوەكانی وەزارەتی كە لە تاقیكردنەوەكان وەرگیران لە خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەرچوون، رۆژانی یەكشەممە و دووشەممە كە دەكاتە 27 و 28ی ئاب سەردانی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بەشی دیراساتی بەڕێوەبەرایەتیی كارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەكان بكەن و ئەم پێداویستییانە لەگەڵ خۆیان بێنن”.
یەكەم:
وێنەیەك لە ئەنجامی دەرچوون لە تاقیكردنەوە دواتر لە سایتی زانكۆكە وەرگیرابێت یان لە خودی زانكۆكە دەستانكەوتبێت، پێویستە ئەو بەڵگەنامەیە ناوی كاندیدی تێدا نووسرابێت.
دووەم:
ئەگەر لە ئەنجامی گەڕانەوەی گازندە، لیست و ڕیزبەندیی ناوی كاندیدەكە گۆڕاوە، پێویستە ئەوەش بە پرێنتكراوی لەگەڵ خۆی بهێنێت.
سێیەم:
وێنەیەك لە فەرمانی زانكۆیی وەرگیراون لەگەڵ ئەو بەشەی لیستی وەرگیراون كە ناوی كاندیدەكەی لێبڵاوكراوەتەوە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “دەربارەی یەكلایكردنەوەی وەرگرتن و كێبڕكێ لەسەر كورسییەكانی ناو پلانی وەزارەتی ناوخۆ، پەیڕەوی لە رێنماییە بەركارەكانی خوێندنی باڵا دەكرێت دەربارەی مەرجەكانی كێبڕكێكردن”.