جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ پەرلەمانتار و شاندێكی ئەڵمانیدا كۆبووەوە و رایدەگەیەنێت، پێویستە مافی ئێزدییەكان پارێزراوبێت و دەشڵێت، بەداخەوە هێشتا بارودۆخی شەنگال ئاسایی نەبووەتەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر پێشوازیکرد لە لەمیا قەدور ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی سەوز و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و کلاوس شترایشەر، كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ئامادەی بوون، باسی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و عێراق و بە تایبەتیش دۆخی ئێزیدییەکان کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن بۆ ئەوەی نەک هەر جۆرە پاشەکشێیەک روونەدات، بەڵکو ساڵ لە دوای ساڵ دۆخی مافی مرۆڤ لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نزیکتر ببێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئێزیدییەکان قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەداخەوە هێشتا بارودۆخی شەنگال ئاسایی نەبووەتەوە و ئاوارەکان بە تەواوی نەگەڕاونەتەوە زێد و ناوچەکانی خۆیان و، پێویستە هەموولایەکمان کار لەسەر ئاسایی کردنەوە دۆخەکە و مافی ئێزیدییەکان پارێزراو بێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دیاریکراوە.