سەنتەری میترۆ رەخنە لەو هێزانە دەگرێت کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا و وڵات میدیایان دەستگیرکردووە و دەڵێت، ناڕەزایەتی نایاساییە و روماڵكردنیشی نایاساییە، ئەی چی یاساییە؟.
سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ” سەنتەری میترۆ وێڕای ئیدانەی دەستگیركردنی هەردوو پەیامنێری تۆڕی میدیایی (ئێستا) و (وڵات میدیا)، داوا لە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لێكۆڵینەوە لە رەفتاری نایاسایی هێزێك بكات كە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤیان پێشێلكردوە و نارەزایەتی هاوڵاتیان و روماڵكردنی میدیایی بە “نایاسایی” دەزانێت”.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، “هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان رۆڵی خۆیان لە پاراستنی رۆژنامەنوسان ناگێڕن و ئاستەنگ بۆ كارەكانیان دروستدەكەن و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ پێشێل دەكەن، رەفتاری هێزەكەی گەرەكی بەهار نوێ نزیكترین نمونەن”.
میترۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ” رەفتاری دژ بە پرەنسیپەكانی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ، وایكردووە كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، رەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان بگرن، پێشێلكارییەكانی لە مەڕ مافی ئازادی رادەربڕین، بوەستێنن”.
سەنتەری میترۆ داوا لە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لێكۆڵینەوە لە رەفتاری نایاسایی ئەو هێزە بكات كە پرنسیپەكانی مافی مرۆڤیان پێشێلكردووە و نارەزایەتی هاوڵاتییان و رووماڵكردنی میدیایی بە “نایاسایی” دەزانێت، هاوكات رێكاری یاسایی بەرامبەر بە سەرپێچیكاران بگرنەبەر.
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتووە، “بەرپرسانی خاوەن بڕیار درك بەو راستییە حاشا هەڵنەگرە بكەن، پێشكەوتن یان پاشەكشەی دیموكراسیەت لە هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە ئاستی پێشكەوتن و پاشەكشەی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین و ئازادی گەیشتن بە سەرچاوەكانی هەواڵ و بڵاوكردنەوە و ئازادی ئەنتەرنێت”.