بارودۆخی عێراق ئاڵۆزە و گرووپێكی سەرەكیی حەشدی شەعبی هەڕەشە لە خوودی سەرۆكوەزیران دەكات، ناوبراویش دادەبەزێتە سەر شەقامەكانی بەغداد و هەڕەشەی “ڕوبەڕوبوونەوەی یەكلاییكەرەوە” دەكات، دەزگای دژەتیرۆریش دەڵێت، “لە تەواوی ئامادەباشیداین بۆ پاراستنی عێراق و عێراقییەکان و چاوەڕوانی فەرمانی سەرۆکوەزیران-ین.”
شەوی هەینی 25ی كانونی یەكەم، ژمارەیەك چەكداری سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەركەوتن و هەڕەشەیان لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران كرد و ڕایانگەیاند، “بە توندی هۆشداری دەدەین بە كازمی و دەستوپێوەندەكانی لە بەکرێگیراوەکانی ئەمریکا كە دەست لەو كارە قێزەونە هەڵبگرن، بە پێچەوانەوە سزای خودایان بەسەردا دادەبارێت و بەدەستی موجاهیدان بە سزا دەگەیەندرێن.” لە كۆتایی گرتە ڤیدیۆییەكەشدا، هوتاف دەڵێنەوە و ناوی قەیس خەزعەلی، فەرماندەی عەسائیبی ئەهلی دەبەن و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر ئەرك و گیانفیداییەك نیشاندەدەن.
جگە لەو هەڕەشەیە، چەند سەرچاوەیەك باس لەوە دەكەن كە ئەو گرووپەی حەشدی شەعبی، هێزیان لە ناو بەغداد و باشووری شارەكە جووڵەپێكردووە، هەندێك زانیاریی نافەرمییش ئاماژە بۆ بوونی چەكی قورس دەكەن كە هێزەكانی عەسائیب لەگەڵ خۆیاندا جووڵەیان پێكردوون.
چی لەپشت هەڕەشەكانەوە دەگوزەرێت؟
بە گوێرەی زانیارییەكانی “تۆڕی میدیایی ئێستا”، هۆكاری هەڕەشە و هێزجووڵاندنەكەی ئەمشەوی عەسائیبی ئەهلی حەق، دەگەڕێتەوە بۆ دەستگیركردنی چەند ئەندام و كاربەدەستێكیان لەلایەن حكومەتەوە لە ناوچەی سەدر لە بەغداد، بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە موشەكبارانكردنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا. بەڵام ڕوداوەكانیش بە جۆرێك دەردەكەون یاخود نیشان دەدرێن، كە ململانێكان گەورەتربن و مەرامی گەورەتریان لە پشتەوە بێت، ئەویش هەڵگەڕانەوە لە حكومەتەكەی كازمی بێت.
كازمی: ئامادەی ڕوبەڕوبوونەوەی یەكلاییكەرەوەم
دوابەدوای هەڕەشەكانی گرووپەكەی سەر بە خەزعەلی، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگیریدا، بە شێوەیەكی مەیدانی، هەندێك شەقامی گشتیی بەغداد-ی بەسەركردەوە، وەك ئاڵنگارییەك بۆ نەیارانی لە ناوخۆدا، هاوكات ناردنی پەیامێكیش بێت بەوەی “بەغداد ئارامە و هەموو شت لەژێر كۆنترۆڵی سەرۆكوەزیران و حكومەتەكەیدان.”
هاوكاتی ئەوەش، كازمی تویتێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “ئاسایشی عێراق ئەمانەتێكە و لە ئەستۆماندایە، ملكەچی سەركێشی نابین، بە بێدەنگی و ئارامییەوە كارمانكرد لەپێناو گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک و دامەزراوە ئەمنییەکان و سوپا بە دەوڵەت، دوای ئەوەی بەهۆی سەركێشی لە یاسادەرچووانەوە لەرزۆك بووبوو.”
كازمی نووسیویەتی، “داوای هێمنیمان كرد بۆ ئەوەی وڵاتەكەمان نەخزێتە سەركێشییەكی پشێوخوازیی ترەوە، بەڵام ئامادەین بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیان یەكلاییكەرەوە ئەگەر پێویست بكات.”
دەزگای دژەتیرۆر: چاوەڕوانی فەرمانی سەرۆکوەزیران-ین
لە دوای تویتەكەی سەرۆكوەزیران، بۆ زیاتر ڕەواندنەوەی نیگەرانییەكان و كۆنترۆڵكردنی پشێوییەكانی ئەمشەو، دەزگای دژەتیرۆری عێراق پەیامێكی ناواخن هەڕەشەئامێزی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “گشت هێزەكانمان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی عێراق و عێراقییەکان و چاوەڕوانی فەرمانی سەرۆکوەزیران-ین بۆ هەر جووڵە و ئەگەرێك.”
“ئێستا” زانیویەتی كە هێزێكی زۆر لە شەقام و شوێنە سەرەكییەكانی بەغداد بە تایبەت ناوچەی سەوز بڵاوەیانپێكراوە و چەكی قورس پشتیوانییان دەكات.
سەدر بۆ ئێران: عێراق لە ململانێكانت دووربگرە
بەر لەو ڕوداوانە بە كاتژمێرێك، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا داوای لە ئێران كرد عێراق لە ململانێکانی دووربخاتەوە.
رابەری رەوتی سەدر نووسیبووی، “عێراقی خۆشەویست بووەتە قوربانیی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران و بە شێوەیەک زیانی پێگەیشتووە، کە ناکرێت لە ئاستیدا بێدەنگبین، وەکو ئەوەی بڵێی عێراق گۆڕەپانێک بێت بۆ ململانێ سەربازی و ئەمنی و سیاسی و ڤایرۆسییەکانیان، ئەوەش بەهۆی لاوازی حکومەت و پەرتەوازەبوونی گەلەوەیە.”
لە درێژەی تویتەكەیدا، موقتەدا سەدر ڕایگەیاندبوو، “داوا لە كۆماری ئیسلامیی ئێران (دراوسێ ئازیزەكە) دەكەم عێراق لە ململانێكانی دووربگرێت، ئێمەش لە تەنگانەدا پشتی تێناكەین ئەگەر ئەو شكۆ و سەربەخۆیی عێراق و حكومەتەكەی بپارێزێت.”
رابەری رەوتی سەدر هۆشداری دابوو بە ئێران و ئەمریكا و نووسیبووی، “هۆشداری دەدەم بە داگیركەر (ئەمریكا) كە زیادەڕۆیی نەكات چونكە عێراق و عێراقییەكان بەشێك نین لە ململانێكان و ئێمە سەرگەرمی بنیاتنانی عێراقی خۆشەویستمانداین. خۆ ئەگەر بەدەم داواكەمانەوە نەهاتن، ئەوا هەڵوێستێكی سیاسی و میللیمان دەبێت بۆ پاراستنی گەل و وڵاتەكەم و پیرۆزییەكانم و خۆم لەم دەستوەردانە قبوڵنەكراوە.”
— مقتدى السيد محمد الصدر (@Mu_AlSadr) December 25, 2020