رێگری لە گواستنەوەی دۆسیەی گوهدار زێباری بۆ دادگا دەكرێت

دۆسیەی گوهدار زێباری بە هەڵواسراوی هێڵدراوەتەوە چالاكوانێكی بادینان دەڵێت، لەلایەن ئاسایشی گشتیی هەولێرەوە رێگری دەكرێت لە گواستنەوەی دۆسیە و وتەكانی ئەو رۆژنامەنووسە دەستگیركراوە بۆ بەردەم دادوەر.

سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی سزاكەی لە چوارشەممەی رابردوو 16ی ئابەوە، تائێستا گوهدار زێباری، رۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان لە زیندان هێڵدراوەتەوە.

ئامەد پیران، چالاكوان و كەسوكاری زیندانیانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمڕۆ ژمارەیەك لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان سەردانی ئاسایشی گشتیی هەولێریان كرد، بەمەبەستی رەوانەكردنی گوهدار زێباری و دۆسیە و وتەكانی بۆ بەردەم دادوەر تا بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەیەوە بدرێت.

وتیشی، “تا ئەمڕۆ دۆسیەكە رەوانەنەكراوە و ئاسایش رێگرە لە ناردنی”.

دەربارەی ئەو دۆسیە نوێیەش كە لەسەر رۆژنامەنووسەكە كراوەتەوە و بریتییە لە بوونی چەكێكی كۆنی تاپڕ كە لە ماڵی باپیریدا دەستیبەسەرداگیراوە ئامەد پیران روونیكردەوە، وتە لە گوهدار زێباری وەرگیراوە، بەڵام رەوانەی بەردەم دادوەر نەكراوە.

ئاشكراشیكرد، بۆ پێنجەم رۆژە گوهدار زێباری بەردەوامە لە مانگرتن لە خواردن، كە چوارشەممەی رابردووەوە دوای دواخستنی بڕیاری ئازادكردنەكەی، وەك ناڕەزایەتییەك دەستیپێكردووە.

گوهدار زێباری، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020دا لەگەڵ چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكە بە تۆمەتی “سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی” دەستگیرکران، لە 16ی شوباتی 2021یش لەلایەن دادگای تاوانه‌كانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانی كرا.

دوای كەمكردنەوەی سزاكەی بەڕێژەی 60%، بڕیاربوو لە 16ی ئازاری 2023 ئازادبكرێت، بەڵام رۆژێك پێشتر واتە لە 15ی ئازاری رابردوو لە دانیشتنێكی دادگادا بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی، گوهدار زێباری بە حەوت مانگی دیكە زیندانیكردن سزادرا، تەنها بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی و دوای تانەدان لە بڕیارەكە، ماوەی ئەو سزایە لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە.

ماوەی سزای دووەمی چوارشەممەی رابردوو 16ی ئاب تەواوبوو، بەڵام چالاكوانەكە لە زیندان هێڵدرایەوە و بەپێی وتەی پارێزەر، كەسوكار و چالاكوانان دیسان دۆسیەیەكی دیكەی لەسەر كراوەتەوە.

لەسەر ئەو دۆسیە نوێیە پێشتر عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، گوهدار زێباری دۆسیەی چەكی بۆ كراوەتەوە، چەكەكەش تاپڕێكی ساڵی 1960و هی باپیریەتی و لە ماڵی خوشكەكەشیدا گیراوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی خوێندنی باڵا وادەی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لە زانکۆ و پەیمانگەکان راگەیاند

بابەتی دواتر

ئەو کەسە دەستگیرکرا کە شاشەی سەر شەقامەکانی بەغدادی بۆ فیلمی نەشیاو هاککرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share