سەربازێکی فەرەنسی لەکاتێکدا بەشداریکردووە لە ئەرکێکی مەشق و راهێنانی هێزە عێراقییەکان، بە رووداوێکی هاتوچۆ گیانیلەدەستدا، دوای ئەوەی لە هەولێر نەشتەرگەرییەکی سەختی بۆ کراوە.
سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، “بە دڵتەنگییەکی زۆرەوە رایدەگەیەنین کە سەرباز باپتیست گاوچۆ لە فەوجی نۆزدەی ئەندازیاران لە عێراق گیانیلەدەستدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پشتیوانی خۆی بۆ گەلی عێراق و دەسەڵاتدارانی عێراق دووپاتدەکاتەوە، هەروەها ئیرادەی فەرەنسا بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن شانبەشانی ئەوان بۆ راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانیان کە رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە خستەڕوو.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا رایگەیاندووە، “ئەو سەربازە بە یاوەری سەربازێکی دیکە تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون و بە سەختی بریندار بوون”.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوای نەشتەرگەرییەکی فریاگوزاری لە نەخۆشخانەی هەولێر ئەو سەربازە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستداوە، هاوەڵەکەی کە بە سەختی برینداربووە، لە نەخۆشخانەیەکی سەربازیی بەغداد چارەسەری بۆ دەکرێت”.
سەرجەنت باپتیست گاوچۆ لە مانگی ئایاری 2023ەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات کاردەکات.