گەورەترین یەكەی چاودێریی چڕی منداڵان لەسەر ئاستی عێراق لە سلێمانی كرایەوە

ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، یەکەی چاودێریی چڕی منداڵان کرایەوە، ئەو یەکەیە ماوەی چەند ساڵێکە کاری بۆ دەکرێت و گەورەترین یەکەی چاودێریی چڕی منداڵانە لە سەرتاسەری عێراقدا.

لەبارەی کردنەوەی ئەو یەکەیە دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لە گرنگی کردنەوەی یەکەکە کرد و رایگەیاند، “بارگرانی و قورسی تێچووی مانەوەی منداڵە نەخۆشەکانیان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان کەمدەکاتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو خێزانانەی منداڵەکانیان ماوەیەکی زۆر لە چاودێریی چڕدا دەمێننەوە”.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند کە ئێستا یەکەی چاودێریی چڕی منداڵان لە سلێمانی کراوەتەوە و نەخۆش تێیدا چارەسەر وەردەگرێت.

باسی لەوەشکرد، کە چ پارێزگای سلێمانی و چ هەموو عێراق کێشەی چاودێریی چڕی منداڵانی هەیە، “بە بەردەوامی بە شێوەی رۆژانە 25 بۆ 30 نەخۆش لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا چاوەڕێی تەختی مانەوەن چونکە هەر یەکەیان بۆ هەر شەوێک مانەوە لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا بۆ چاودێریی چڕ لە 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە سێ ملیۆن دینار، ئەم بڕەش بە کەم خێزان دابین دەکرێت.

دکتۆر سەباح هەورامی، سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد کە لەسەر ئەرکی خۆی بەشێک لە کارمەندانی یەکەی چاودێریی چڕی دامەزراندووە و مووچەکانیانی لە ئەستۆ گرتووە کە وەک خۆی دەڵێت، “سەرچاوەی مرۆیی و توانا مرۆییەکان یەکێک بووە لە کێشە گەورەکانمان”.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ زیندانیکراوێکی دیکەی بادینان ئازاد دەکرێت

بابەتی دواتر

مێسی مێژووی مەیامی گۆڕی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share