زەمالەی خوێندنی باڵا لە کۆریاى باشوور رادەگەیەندرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم زەمالەی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتی کۆریاى باشوور رادەگەیەنێت.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر بە وەزارەتەكەی ئاگاداردەکاتەوە کە وڵاتی کۆریاى باشوور لە چێوەى هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانان و سەنتەری لێکۆڵینەوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی کۆریای باشوور (KDI School) چەند کورسییەکی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە بوارەکانی (سیاسەتى گشتى، سیاسەتى پەرەپێدان و بەرێوەبردنى گشتى و خاوەندارێتی فکری و سیاسەتی گەشەپێدان) لە زانکۆکانی وڵاتەكەی تەرخانکردوە.

دەشڵێت، هەر کەسێک مەرجەکانی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینیەکان، دەتوانێت داواکاری لە رێگەی ئەم لینکە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکات: لێرە كلیك بكە بۆ كردنەوەی.

مەرجەكان:
ماستەر:
• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65) کەمتر نەبێت.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێش پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

دکتۆرا:
• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە، بەڵام بۆ دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی دەبێت بە لایەنی کەم (5) ساڵ خزمەتی هەبێت.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (70) کەمتر نەبێت.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێش پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
• کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وەزارەتەکەمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشور پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
• پێشکەشکردن راستەوخۆ و تەنها لە رێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (کۆریاى باشوور) دەبێت.

تێبینی:
– هەر کەسێک ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
– تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

بابەتی پێشتر

ئاگادارییەک لە هاتوچۆی هەولێرەوە

بابەتی دواتر

قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەستیپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share