بەرپرسێکی سوپای پاسداران: ئەندامانی سوپا و بەسیج نابێت ڤاکسینی کۆرۆنای ڕۆژئاوا لە خۆیان بدەن

جێگری بەڕێوبەری فەرمانگەی هەماهەنگی سوپای پاسداران داوا لە ئەندامانی سوپا و بەسیج دەکات ڤاکسینی کۆرۆنا نەدەن لە خۆیان کە دروستکراوی ئەمریکا و ڕۆژئاوایە.

محەمەدڕەزا نەقدی، جێگری بەڕێوبەری فەرمانگەی هەماهەنگی سوپای پاسداران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 24 ی کانونی یەکەم، ڕایگەیاندووە، “مەترسی گەورە هەیە کە لەڕێگەی ڤاکسینەکەوە ئەندامانی سوپا و بەسیج بکرێنە ئامانج”.

ئەو بەرپرسەی سوپا ئاماژەی بەوەشکردووە، “سوپای پاسداران ڤاکسین خۆسەری بەکارناهێنێت و تا لێکۆڵینەوەی جدی و پشکنینی تەواوی نەکات ڕێگە بە ئەندامانی نادات لەخۆیان بدەن”.

جگە لە ئەندامانی سوپای پاسداران، دامەزراوەی بەسیج یەکێکە لە باڵەکانی سوپای پاسداران کە چەندین ئەرکی لەوانە پەروەردەکردن بە باوەڕی شۆرشی ئیسلامی و هەماهەنگی و زانیاری ناو خەڵک پێسپێردراوە، بەسیج لە ساڵی 1979 دا لەلایەن ڕوحوڵا خومەینی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە بڕیاری دروستکردنی درا و ساڵێک دوای ئەوە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەندکرا.

محەمەدڕەزا نەقدی لە قسەکانیدا ڕایگەیاندووە، “سوپای پاسداران دەستتیوەردان لە بابەتی ئامادەکردنی ڤاکسینی کۆرۆنادا ناکات، بەڵام لێکۆڵینەوەی جدی دەکرێت لەو ڤاکسینەکەی لە ئەندامان دەدرێت”.

دوێنێ 23 ی کانونی یەکەم، ئێران لە ڕێگەی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی وڵاتەکەوە دروستکردنی ڤاکسینی ڕاگەیاند و بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە.

بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوەکردووە کە نمونەی ڤاکسینەکەیان داوەتە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و لەژێر ڕێنمایی ئەواندا ڤاکسینەکە تاقیدەکەنەوە.

بابەتی پێشتر

گۆڕانی ئاووهەوا هۆكارە.. نەخۆشییەكی بكوژ هەڕەشە لە دۆلفینەكان دەكات

بابەتی دواتر

ئینتەرمیلان: مایسترۆ دانیمارکییەکە بۆ فرۆشتنە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share