ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوای هاوهەڵوێستی لە لایەنەكان دەكات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوادەكات بەغداد شایستە داراییەكان رەوانە بكات و داواش لە لایەنەكان دەكات هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لەسەر داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شنگال و جێنۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی بە پشتیوانیکردنی مافی ئێزدییەکان دووپاتکردەوە و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی کرد بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێت.

سەبارەت بە بودجەش مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و بەم شێوەیەش، هیچ پاساو و بیانوویەک نەماوە لە بەردەم حکومەتی فیدڕاڵ کە خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم لەمە زیاتر دوابخات، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە بنێرێت.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە هێز و پارت و لایەنە کوردستانییەکان دەکات کە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لەسەر داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لەناو بودجەدا جێگیرکراوە.

سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا و گرانیی بەنزین، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ئاماژەی بە هەوڵەکانیان دا بۆ چارەسەرکردنی گرانبوونی نرخی بەنزین و ئاسانکارییەکانی وەزارەت بۆ هاوردەکردنی بەنزین و هاندانی پاڵاوگەکان بۆ پاڵاوتنی زیاتری نەوتی خاو بۆ دابینکردنی بەنزین.

سەبارەت بە کارەباش، ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەی دا بۆ باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزاریی کارەبا و هەوڵدان بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانیی و ئەو پڕۆژانەشی خستەڕوو کە لە ماوەی رابردوو بەم ئاراستەیە ئەنجامدراون.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری راسپارد کە لە رێکار و هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان و هەموو ئاسانکارییەکيش لەم رووەوە بخەنەڕوو.

لە بڕگەی کۆتاییدا، پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی پێدانی پارە بە شێوازی ئەلکترۆنی E- Payment و (پڕۆژەی هەژماری من)، خرایەڕوو، سەرۆک وەزیران وێڕای سوپاسکردنی تیمی جێبەجێکاری پڕۆژەکە، وتیشی، سوپاسی جێگری سەرۆک وەزیران دەکەم کە لە کابینەی پێشووش کاری لەسەر بە دیجیتاڵکردن کردووە، هەروەها سوپاسی وەزیری دارایی دەکەم بۆ پاڵپشتی و سەرخستنی پڕۆژەی (هەژماری من).

جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێ تەواوی وەزارەتەکان پشتگیری پرۆسەی بەدیجيتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بکەن، کە ئەمە بنەمایەکە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کە دەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابوری، کە لە رێگەی کاراکردن و بەهێزکردنی بانكەكانەوە، ئابوریی وڵات زياتر پێش دەکەوێت و جموجۆڵی ئابوریش پەرەدەسەنێت.

بەپێی راگەیەندراوەكە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا کە لە کۆتایی ساڵی 2025 تێپەڕنەکات، تەواوی خزمەتگوزارییەکان ببنە دیجیتاڵی و مامەڵەکردن بە کاش سنووردار بکرێت.

هەروەك ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، داواش لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا پشتیوانی لەو ھەنگاوە بکەن و پاڵپشت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

بابەتی پێشتر

دوای گەیشتنی پارەكەی بەغداد روونكردنەوە لەبارەی لیستی مووچەوە دەدرێت

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share