وابیردەکەنەوە مردوون.. تووشبووی کۆتارد چییە و نیشانەکانی چیین؟

هەندێک کەس بەدەست نەخۆشییەکی دەگمەنی دەمارەوە دەناڵێنن کە بە نەخۆشی کۆتارد ناسراوە، ئەمکەسانە ناتوانن لە بوونی خۆیان تێبگەن و وابیردەکەنەوە کە مردوون.

زۆرجار ئەوانەی بەدەست وەهمی “کۆتارد” دەناڵێنن پێیان وایە کە ئەوان تەنها تەرمێکن و دەڕۆن، هەندێکی تر پێیان وایە کە ئەوان رۆحی بێ جەستەن و بۆ هەمیشە دەژین.

بێ گوێدانە ئەم جیاوازییانە، نەخۆشانی تووشبوو بە کۆتارد تووشی کێشەیەکی قووڵی شێوان دەبن، کە تێیدا نکۆڵی لە بوونی جەستەیان و پێداویستییەکانی رۆژانەیان دەکەن و گرنگی بە پاراستنی خۆیان نادەن.

لە توێژینەوەیەکدا کە تیشکی خستووەتە سەر ژنێک لە ناوەڕاستی تەمەنیدا کە پێشینەی دڵەڕاوکێ و کێشەی دەروونی لەگەڵ وەهمدا هەبووە، رەتیکردەوە دەرمان بخوات و وازی لە خواردن هێنا ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو ژنە دەیوت “من مردووم” و تەنها جەستەم دەڕوات.

لە حاڵەتێکی دیکەدا پیاوێکی تەمەن ٤٩ ساڵ وازی لە گرنگیدان بە سەلامەتی جەستەیی خۆی و خواردن هێنا بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە.

ئەو رەتیکردەوە خواردن بخوات و پێیوابوو خەڵکی خراپەکار لە دەرەوەن بۆ کوشتنی. بەگوێرەی راپۆرتەکە، دوای هەفتەیەک لە وەرگرتنی لە نەخۆشخانە، نەخۆشەکە بە پزیشکەکانی راگەیاندووە کە پێشتر گیانی لەدەستداوە و “سکی ئیتر کارناکات و جگەری شیبووەتەوە، مێشکی ئیفلیج بووە، رووخساری شێواوە دوای مردنی”.

لە جێگاکەیدا بێ جووڵە مایەوە، و ئیدیعای کرد کە گوێی لە دەنگەکان بووە کە پێیان دەگوت ئەو شەیتانە.

لە ئێستادا نزیکەی سەد حاڵەتی هاوشێوە لە جیهاندا هەیە.

یەکەم حاڵەتی تۆمارکراو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1880، کاتێک جوڵس کۆتارد پزیشکی دەمارەی فەرەنسی باسی جۆرێکی نوێی خەمۆکی کرد کە بە “خەمۆکی دڵەڕاوکێ” و بێهەستی بەرامبەر بە ئازار و وەهمەکانی نەبوونی لە پەیوەندی لەگەڵ جەستەی مرۆڤدا تایبەتمەندە.

ئەمڕۆ هەندێک لە زاناکان گومانیان هەیە کە نەخۆشی کۆتارد رەنگە نەخۆشییەکی جیاواز نەبێت بەڵکو نیشانەی کێشە بنەڕەتییەکانی وەک نەخۆشیی دوو جەمسەری، شیزۆفرینیا، خەمۆکی، یان مێژوویەکی دوور و درێژی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان یان گرژبوون بێت.

هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە ئەم نیشانە ترسناکانە دەتوانرێت بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەر بکرێن، بەو پێیەی دەرمانی دژە دەروونی، دژە خەمۆکی، چارەسەری دەروونی و تەنانەت چارەسەری تەشەنەی کارەبایی هەموویان چارەسەری ستانداردن کە دەتوانن ئەنجامێکی ئەرێنییان هەبێت.

لە باشترین حاڵەتەکاندا، نەخۆشانی تووشبوو بە نەخۆشیی کۆتارد دەتوانن لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەی چارەسەری دەرمانیدا لە واقیعی شێواوی خۆیان دەربچن.

 

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەكی نوێ پەتای كۆرۆنا بە زەهایمەرەوە دەبەستێتەوە

بابەتی دواتر

گەنجێك لە حاڵەتێكی دەگمەن رزگاركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share