کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستیی کیشوەربڕی دیکەی هەڵدا

میدیاکانی کۆریای باکوور بڵاویانکردەوە، کۆریای باکوور نوێترین مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕی تاقیکردووەتەوە، کە ناوی (هواسۆنگ-18)ە و رایانگەیاندووە، ئەو چەکە بنەمای هێزی هێرشی ئەتۆمی وڵاتەکەیە و هۆشداری داوەتە ئەمەریکا و نەیارانی دیکە.

ئەمریکا و سەرکردەکانی سیئۆل و تۆکیۆ و وڵاتانی دیکەش ئیدانەی هەڵدانی ئەو مووشەکەیان کرد کە لەو کاتەدا لەلایەن سوپای کۆریای باشوور و ژاپۆنەوە بڵاوکرایەوە .

مووشەکی Hwasong-18 بۆ یەکەمجار لە مانگی نیساندا هەڵدرا، ئەمە یەکەم مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕی کۆریای باکوورە کە ماددەی پاڵنەری رەق بەکاردەهێنێت.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی KCNA رایگەیاندووە، “تاقیکردنەوەکە ئۆپەراسیۆنێکی بنەڕەتییە کە ئامانجی پەرەپێدانی زیاتری هێزی ئەتۆمیی ستراتیژیی کۆمارە و لە هەمان کاتدا هۆشدارییەکی پراکتیکی بەهێزە” بۆ نەیاران .

راپۆرتەکەی ئاژانسەکە واشنتۆنی تۆمەتبار کردووە بە زیادکردنی گرژییەکان بە جێگیرکردنی ژێردەریایی و بۆمب هاوێژەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریا و ئەنجامدانی پلان بۆ شەڕی ئەتۆمی لەگەڵ هاوپەیمانەکەی کۆریای باشوور، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی ئەمنیی سەربازی “گەیشتووەتە قۆناغی قەیرانی ئەتۆمی دوای جەنگی سارد”.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکەی کردووە، هەروەها رایگەیاندووە وڵاتەکەی تادێت ڕێوشوێنی بەهێزتر دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی خۆی تاوەکو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی واز لە سیاسەتە دوژمنکارەکانیان دێنن .

 

بابەتی پێشتر

وەزیری دارایی: دوو مووچەمان نەهێشتووە

بابەتی دواتر

سێیەم تەرمی ئەو دوو کچە و باپیرەی لە زێی بچوکدا خنکان دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share