بەرنامەی جۆ بایدن سەبارەت بە ئێران چییە؟

دوای یەکلاییبوونەوەی جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، ئێران بە دوو جۆر ئاماژەکان دەداتە ئەمریکا و ناوچەکەش، کە هەم ئومێدی بە هاتنی بایدن هەیە باشتربێت لە سەردەمی ترەمپ، هەم چەندجارێک بێ ئومێدی نیشانداوە کە سیاسەتی ئەمریکا بە گۆڕینی سەرۆکێک ناگۆڕێت.

ئومێد و نا ئومێدیی ئێران بە جۆ بایدن

ئومێدەکانی ئێران بە هاتنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە جۆ بایدن دیموکراتە و لە سەردەمی حوکمی دیموکراتەکاندا کرانەوە هەبووە بەرانبەر ئێران، بە جۆرێک ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە سەردەمی دیموکراتەکاندا کراوە، بە تایبەت کاتێک باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بووە و جۆ بایدن جێگری بووە، بایدن-یش هیچ تێبینییەکی لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران نەبووە.

لە کاتی یەکلاییبوونەوەی سەرکەوتنی جۆ بایدن-دا ئێران دوژمنایەتیی خۆی بۆ بایدن ڕانەگەیاند و هەتا ماوەیەک ئیسماعیل ئاقانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، گروپە چەکدارەکانی ئێران-ی لە عێراق ئاگادارکردبووەوە کە هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بووەستێنن تا هاتنی سەرۆکی نوێ.

دواتریش دوژمنایەتیی ئێران بەرانبەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ چووە بەرەی دژەبەرایەتی بۆ کابینەکەی ترەمپ و هەڕەشەکردن لە دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا و بکوژی قاسم سولەیمانی.

لەبارەی نا ئومێدییەکانەوە، ئێران لە ڕێگەی عەلی خامنەیی ڕابەری شۆرشی ئیسلامی ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاندووە، “بە گۆڕینی دەموچاوێک سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر ئێران ناگۆڕێت”.

بەشێک لە بەرپرسانی ئێران لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانیدا نا ئومێدیی خۆیان بە سەردەمی جۆ بایدن وانیشان دەدەن کە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل-ەوە، بۆیە ئەوەی لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل بێت ئەوە دەکرێت، جا ئەگەر دیموکراتەکان لە دەسەڵاتدا بن یان کۆمارییەکان.

جۆبایدن بۆچوونی چییە لەسەر ئێران؟

لە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا-دا جۆ بایدن قسەیەکی کەمی لەبارەی ئێران-ەوە کردووە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن بایدن لە فشارەکانی وڵاتەکەی بەردەوام بێت لەسەر ئێران، بەڵام بە ڕێگایەکی دیکە، ئەمەش هەمان ئەو وتەیەی بایدن دەسەلمێنێت لەسەر ئێران کە وتی، “ڕێگایەکی ئاقڵانەتر هەیە بۆ فشارەکانی سەر ئێران”.

ئەگەرچی ئەم دێڕە کورتە، بەڵام نیشاندەری گۆڕانکاریی سیاسەتی ئەمریکا-یە سەبارەت بە ئێران، لە هەمان کاتیشدا ئاماژەیە کە فشارەکان لەسەر ئێران بەردەوام دەبن.

دیموکراتەکان هەمیشە بەوە ناسراون کە ئەگەر دژایەتی شوێنێکیش بکەن، ڕێگەنادەن کاردانەوەی دەرەوەی ئەو شوێنەی لێبکەوێتەوە، بە بڕوای بەشێك لە چاودێران، ئەگەر جۆ بایدن بەردەوام بێت لە فشارەکانی لەسەر ئێران، ئەوا فشارەکان جۆرێک دەبن کە چین و ڕوسیا وەک دوو وڵاتی بەهێز و کراوە بە ڕووی ئێران-دا نیگەران نەکات یان کاردانەوە نیشان نەدەن.

بایدن چەندجارێک ناڕاستەوخۆ نەرمیی بەرامبەر ئێران نواندووە

وتەکانی جۆ بایدن بەرانبەر ئێران لەم ماوەیەی کۆتاییدا ناڕاستەوخۆ نەرمتربوون بەراورد بە بۆچوونەکانی ترەمپ لەسەر ئێران، بایدن لەبارەی سزاکانی سەر ئێران ڕایگەیاندووە، نایانەوێت سزاکان بە جۆرێک بەردەوامبن کە کاریگەری لەسەر خەڵکی ئێران هەبێت لە سەردەمی کۆرۆنا-دا یان سزاکان ببنەهۆی دروستکردنی لەمپەر لە بەردەم دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ خەڵکی ئێران.

لەبارەی قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا بە چەند وڵاتێکی ئیسلامی لەوانە ئێران، جۆ بایدن ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نین و هەڵیدەوەشێننەوە.

بایدن لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە پێشتر وتبووی، “ئێران ئەگەر نیازپاکی نیشان بدات لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم بۆ کاری ئاشتییانە، ئەوا ئەمریکا-ش دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی”.

پێشبینییەکان لەبارەی ئاییندەی ئێران لە سەردەمی جۆ بایدن-دا چین؟

سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر ئێران لە هەندێک پرسدا نەگۆڕە، ئەمریکا لە هەردوو سەردەمی دیموکرات و کۆمارییەکاندا پێیوابووە ئێران مەترسییە بۆسەر ناوچەکە و بەهۆی یارمەتیدانی ئێران بۆ گرووپە چەکدارەکان، پشێوی و ئاڵۆزی ناوچەکە بەردەوامیان هەیە.

گۆڤاری “ناشناڵ ئینترێست”ی ئەمریكی لەبارەی ئاییندەی ئێران و ئەمریکا نووسیویەتی، “ئەمریکا لە سەردەمی بایدن-دا بەردەوام دەبێت لەسەر فشارەکانی، بەڵام بەشێوەیەکی نەرمتر و بە ڕێگایەکی جیاواز، لەگەڵ ئەوەش هاوپەیمانیی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل بەردەوام دەبێت بۆ بچوککردنەوەی هەژمونی ئێران لە ناوچەکەدا.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی پەرلەمان داوای لێبوردن لە پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا دەکات

بابەتی دواتر

پلاسخارت داوای كەمكردنەوەی دژوارییەكانی بەردەم دانیشتووانی شەنگال دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
15
Share