جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، نەخشەی سنووری ئیداری و ناحیە و قەزاکانی قایمقامیەتی هەڵەبجەیان پەسەندکرد وەک بەشێک لە رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
هەڵەبجە بەفەرمی دەبێتە چوارەمین پارێزگا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەدوای هەولێر و سلێمانی و دهوک و پارێزگاری 19 لەسەر ئاستی عێراق.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراقدا هاتووە، “پەسەندکردنی وەزیر بۆ نەخشە وردەکان لە ژێر رۆشنایی تەواوکردنی رێکارە تەکنیکییە پێویستەکان و ڕەزامەندییە بنەڕەتییەکان بۆ دروستکردنی پارێزگاکە دێت، بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 10ی ساڵی 2021ی پەرلەمان و بڕیاری ژمارە (23131)ی ئەنجومەنی وەزیران.
لە راگەیەندراوەکەدا دووپاتی کردەوە کە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە شاری “هەڵەبجە”یە هەروەها ژمارەی (16)ی پێدراوە لە بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕییەکانی کۆماری عێراق، ئاماژەی بەوەشکردووە، پارێزگاکە یەک قەزا و چوار ناحیە لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش، سیروان، خورماڵ، بیارە و بەمۆ-ن”.