دەستەی گەشتوگوزاری ئامارەکانی هاتنی گەشتیارانی بۆ هەرێم لە هەر چوار رۆژی جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە کە 700 هەزار گەشتیاری تێپەڕاندووە.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و کەرتی تایبەت ئامادەکاریی تەواو کرا بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە شێوەیەکی شارستانیانە و هەموو هەوڵەکانی خۆشمان خستەگەڕ بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ گەشتیاران، پلانی پێشوازی کردن لە گەشتیاران بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە و بێ کەموکوڕی جێبەجێکرا و هیچ رووداوێکی نەخوزار رووی نەدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ماوەی شەش رۆژ دا لە بەرواری 6 ی حوزەیران تا 1 ی تەمموز 689هەزار 889 گەشتیار و سەردانیکار لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە پێکدێن لە گەشتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باشوور و ناوەڕاستی عێراق و دەرەوەی عێراق”.