ئاگرەکەی سنووری ماوەت کۆنتڕۆڵکراوە و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە

قائیمقامی ماوەت رایگەیاند، ئەو ئاگرەی لە ئێوارەی دوێنێوە لە سنووری ماوەت کەوتەوە توانراوە کۆنتڕۆڵبکرێت و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.

کامەران حەسەن قائیمقامی ماوەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەو ئاگرەی لە ئێوارەی دوێنێوە لە سنوورەکەمان کەوتەوە بە هەوڵی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان و ژینگە توانرا کۆنتڕۆڵبکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانیش نزیکەی 250 دۆنم زەوی کە بەشێکیان ئەو رەزانەی هاوڵاتییان بوون کە پاکنەکرابووەنەوە سووتان”.

باسیلەوەشکرد، “ئەوەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی زەحمەت کرد کەمی تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان و ژینگە بوون، ئەو دەنگۆیانەی باسیان لەوەدەکرد شوێنی ئاگرەکەیان جێهێشتبێت دوورن لە راستییەوە، ئەوان لە شوێنی خۆیان مابوون تەنها بە نۆرە نیو کاتژمێر چووبوون بۆ نان خواردن و گەڕابوونەوە”.

ئاشکراشیکرد، “ئەو شوێنەی ئاگرکەوتنەوەی لێدەستیپێکرد، شوێنێکی سەختە هی ئەوە نییە خەڵک رێی تێبکەوێت جگە لەوەی بەشێکی بە مین چێنراوە بۆیە گومانناکرێت بە مەبەست ئاگرەکە کەوتبێتەوە، لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن”.

 

بابەتی پێشتر

دەروازەی شوشمێ بە فەرمی بەڕووی گەشتیاراندا كرایەوە

بابەتی دواتر

پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی جەژندا 100 هەزار گەشتیار روو لە سلێمانی بکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share