گۆشتی مریشک بەبێ هەبوونی مریشک چۆن بەرهەمدەهێنرێت؟

لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا رایگەیاند کە رێگە بە فرۆشتنی گۆشتی مریشکی “کشتوکاڵی” دەدات کە لە تاقیگەدا لە خانەکانی ئاژەڵەوە دروستکراوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندووە، کۆمپانیای ئاپساید فودز و گود میت کە بنکەکەی لە ویلایەتی کالیفۆرنیایە، رۆژی چوارشەممە مۆڵەتی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لەم جۆرە گۆشتە وەرگرتووە.

لایەنگرانی پێیان وایە ئەم جۆرە گۆشتە بۆ خودی ئاژەڵەکان و ژینگەش باشتر دەبێت، چونکە پێویستی بە بەخێوکردن و گرنگیدان بە پەلەوەر نییە بە دابینکردنی رووبەری زەوی و خۆراک بۆیان.

لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە ملیارێک دۆنم زەوی بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنێت، کە زۆربەیان بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ و پەلەوەر بەکاردێت.

لەم کاتەدا ئەم جۆرە گۆشتە ناتوانرێت لە دوکانی خواردن بکڕدرێت، سەرەتا تەنها لە چێشتخانەکاندا پێشکەش دەکرێت.

بەکارهێنەران دەتوانن چاوەڕێی ئەوە بکەن کە گۆشتی کشتوکاڵی لە دوو بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا لە ژمارەیەکی زۆر لە چێشتخانە و فرۆشگا بچووکەکاندا بفرۆشرێت و لە ماوەی حەوت بۆ 10 ساڵیشدا لەسەر ڕەفەکانی مارکێتەکان بفرۆشرێت.

پرۆسەی دروستکردنی گۆشتی کشتوکاڵی لە خانەکانەوە دەست پێدەکات، کە دەتوانرێت لە هێلکەیەکی پیتێنراوەوە بەدەستبهێنرێت، کە بانکێکی تایبەتی خانە یان شانە هەڵگیراوەکانە کە سەرەتا لە ئاژەڵێکی زیندوو وەرگیراون.

خانەکان لەگەڵ تێکەڵەی ئەو ماددە خۆراکیانەی کە پێویستیان پێیەتی بۆ گەشەکردن و دابەشبوون تێکەڵ دەکرێن، پاشان هاندەدرێن بۆ ئەوەی بگۆڕدرێن بۆ ماسولکەی ئێسکەپەیکەر و چەوری و شانە بەستەرەکان.

دوای چەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەک، بەرهەمەکەی لە پاکەتەکان دەردەهێنرێت و شێوەی بەرهەمی جیاواز دەکرێت کە ئامادەیە بۆ کوڵاندن، وەکو نانی مریشک، گۆشتی وردکراو و زۆر شتی تر.

هەندێک کۆمپانیا کار لەسەر دروستکردنی بەرهەمێک دەکەن کە پێکهاتەیەکی گەورەتریان هەبێت، وەک سنگی مریشک، بەڵام ئەم جۆرە پێویستی بە بنەمایەک هەیە کە خانەکان لەسەری گەشە بکەن و دەتوانرێت لەسەر بنەمای ڕووەکی بێت یان لە بەرهەمە ئاژەڵییەکانی وەک کۆلاجین دروست بکرێت.

شارەزایان دەڵێن گۆشتی راستەقینەیە بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز دروستکراوە، نەک وەک هەندێک گۆشتی لە تاقیگەدا کە خانەی ئاژەڵیان تێدا نییە.

گۆشتی مریشکی کشتوکاڵی کۆمپانیای گود فودز بڕێکی کەم لە پرۆتینی رووەکی تێدایە، لەکاتێکدا بەرپرسانی کۆمپانیای ئاپساید فۆدز دەڵێن گۆشتەکەیان پرۆتینی رووەکی تێدا نییە.

بە وتەی بروس فریدریچ، سەرۆکی دامەزراوەی خۆراکی باش، خەڵک ئەم جۆرە گۆشتە قبوڵ ناکەن تا نرخ و تامەکەی هاوشێوەی گۆشتی تەقلیدی نەبێت.

راپرسییەکی ئەم دواییەی ئەسۆشێتد پرێس و سەنتەری توێژینەوەی کاروباری گشتی NORC کە بنکەکەی لە شیکاگۆیە، دەرکەوتووە کە نیوەی گەورەساڵانی ئەمریکا وتوویانە کە ئەم جۆرە گۆشتە تاقیناکەنەوە.

نزیکەی نیوەیان پێیان وایە هۆکاری ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پێیان وایە خواردنی سەلامەت نابێت.

پێشتر لە راپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە کە خواردنی ئەم جۆرە گۆشتە ڕەنگە مەترسی لەخۆبگرێت، وەک بەرکەوتن بە میکرۆب لە قۆناغە جیاوازەکانی پرۆسەی بەرهەمهێناندا.

بابەتی پێشتر

ئەنچیلۆتی پێکهاتە و سیستەمی ڕیاڵ مەدرید دەگۆڕێت

بابەتی دواتر

ئامارێک: زیاتر لە 133 ملیۆن کەس لە جیهاندا ناویان (محەمەد)ە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share