بەدوای خۆشیدا دەگەڕێیت؟.. لەگەڵ ئەوانی تردا بەخشندەبە

“بەشێكی دەمارمان لە مۆخدا دەستنیشانكردووە كە هۆكارە لەپشت ئەم هەستەوە”
ڕەنگە دیاری بەخشین بە كەسێكی ئەزیزت، پارە و كات و هەوڵت لێببات، بەڵام ئەوەی بۆت دەگەڕێنێتەوە گەورەترە، بەپێی ئەو توێژینەوەیەی لەسەر بەخشین و خۆشویستنی كەسانی تر و پەیوەندی بە چالاكبوونی ئەو بەشەی مێشك كە بەرپرسی خۆشییە ئەنجامدراوە.

مرۆڤ هەست بە خۆشی دەكات كاتێك لە كەسێكەوە دیاری پێدەدرێت، بەڵام ئەو كەسەش كە دیارییەكە دەبەخشێت ئەویش سودمەند دەبێت بەهۆی ئەوەی دیاری بەخشین یان بەخشینی پارە دەبێتە هۆی هاندان و چالاككردنی شوێنی دیاریكراوی مێشك كە تایبەتە بە هەستی خۆشی، تیمێكی توێژینەوەی زانكۆی لۆبیكی ئەڵمانی لەم كار و كاردانەوەیەیان كۆڵیوەتەوە.

ئەوان توێژینەوەكەیان لەسەر 50 كەس لە سویسرا كرد كە دابەشكرابوون بۆ دوو كۆمەڵە، پێیان وترا كە سەرجەمیان بڕێك پارەی دیاریكراویان پێدەدرێت، توێژەران داوایان لە كۆمەڵەی یەكەمیان كرد پارەكە بۆ كڕینی دیارییەك بۆ هاوڕێیەكیان یان بەخشینی بەكاربهێنن، بەڵام كۆمەڵەی دووەم ئەو داوایەیان لێنەكرا، ئامانج لەم داوایەش ئامادەكردنی مێشك بووە بۆ ئەنجامدانی بەخشین.

توێژەرانی بەشداربوو بیرۆكەكەیان گۆڕی و لە ئەزموونكردنێكی دیكەدا داوایان لە بەشداربووان كرد ڕەزامەندی یان ڕەتكردنەوە لەسەر پێشكەشكردنی دیاری بە كەسانی نەناسراو نیشانبدەن، لەم كاتەشدا چاودێری چالاكی مێشكی بەشداربووانیان كرد و داواشیان لێكردن ئاستی هەستكردنیان بە خۆشی لە سەرجەم قۆناغەكانی ئەزمونەكەدا بنوسنەوە.

توێژەران گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی ئەو كۆمەڵەیەی بەڵێنی بەخشینەكەیان دا، لە ئەزموونی دووەمدا بڕیارێكی بەخشندانەتریان داوە، هەروەك تۆماری ئاستی خۆشحاڵییان زیاتر بووە لە كۆمەڵەی دووەم.

توێژەران دەربارەی ئەنجامی توێژینەوەكەیان كە لە سایتی (شبیگل)ی ئەڵمانی بڵاویانكردەوە دوپاتیانكردەوە كە پەیوەندی هەیە لەنێوان دڵباشی و بەخشین و هەستكردن بەخۆشی و دەڵێن “بەشێكی دەمارمان لە مۆخدا دەستنیشانكردووە كە هۆكارە لەپشت ئەم هەستەوە”.

 


 

بابەتی پێشتر

فڕۆکەخانەی سلێمانی سکاڵای یاسایی لەسەر هونەرمەندێک تۆمار دەکات

بابەتی دواتر

بەهۆی تەقینەوەیەكەوە لە ئەفغانستان '13 كەس كوژران'

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share