بە پێشنیاری سەرۆككۆماری عێراق، مۆنیومێنت و مۆزەخانەیەك بۆ قوربانیانی كوردانی ئێزیدی لە بەغداد دروستدەكرێن.
لە ڕاگەیاندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 22ی كانونی یەكەم بڵاویكردوەوە، شارەداریی بەغداد ڕایگەیاند، “كۆبوونەوەیەك كراوە بۆ تاووتوێكردنی پێشنیارەكەی بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمار بۆ دروستكردنی مۆنیومێنت و مۆزەخانەیەك بۆ قوربانیانی ئێزیدی.”
ئەوەش خراوەتەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەی فەرمانی دیوانی كە لە نوێنەرانی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و بانكی ناوەندی و وەزارەتەكانی دارایی و ڕۆشنبیری و سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی دەستی تیرۆر و نوێنەری ئێزیدییەكان پێكهاتووە، بڕیاریداوە بەمنزیكانە دەستبكرێت بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە.
لیژنەكەی حكومەتی عێراق، گفتوگۆیكردووە سەبارەت بە چۆنێتیی دابینكردنی پارە بۆ پرۆژەكە و سوودوەرگرتن لە توانای ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و خۆبەخشان، “بۆ ئەوەی باڵەخانەی مۆزەخانەكە ناوەندێكی توێژینەوە لەخۆبگرێت كە گرنگی بە فرەیی هزری بدات و گیانی لێبوردەیی و ڕەتكردنەوەی توندوتیژی و توندڕەوی بڵاوبكاتەوە.”