قوباد تاڵەبانی: گەورەترین بازاڕی پیشەسازیی خۆراکی کوردستان ناوەڕاست و باشووری عێراق دەبێت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، کارگەکانی هەرێم دەبێت پلانی تۆکمە دابنێن تا بتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ساغبکەنەوە، چونکە گەورەترین بازاڕی پیشەسازیی خۆراکی کوردستان لە ساڵەکانی داهاتوودا ناوەڕاست و باشووری عێراقە.

ئەمڕۆ یەکشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی هەڵەبجەی کرد و کۆمەڵگەی خۆراکی راسانی بەسەر کردەوە و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ وەبەرهێنەرانی هەڵەبجە و کۆمەڵگەی خۆراکی راسان دەربڕی و ئامادەیی خۆشی دەربڕی کە هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی شارەکە بکات.

لەو سەردانەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە وەبەرهێنەران کرد کوالێتی بەرهەمەکانیان بە جۆرێک بێت کە نەک هەر بتوانن لە بازاڕەکانی ناوخۆی کوردستاندا رکەبەری بەرهەمە بیانییەکان بکەن، بەڵکو دەبێت پلانی تۆکمە دابنێن تا بتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ساغبکەنەوە، چونکە گەورەترین بازاڕی پیشەسازیی خۆراکی کوردستان لە ساڵەکانی داهاتوودا ناوەڕاست و باشووری عێراقە.

هەر لە چێوەی سەردانەکەیدا بۆ کۆمەڵگای خۆراکی راسان، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کارگەی رۆنی زەیتونی راسانیشی بەسەرکردەوە کە ئەم کارگەیە لە ساڵی 2018 وە دامەزراوە و بەرهەمەکانی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و دەرەوەی وڵات هەناردە دەکات. ئەم کارگەیە جگە لەوەی ژمارەیەک بەرچاو هەلی کار رەخساندووە، کاریگەریشی هەبووە لەسەر سەوزتربوونی ژینگەی هەڵەبجە و بەهۆیەوە ژمارەی دار زەیتونەکانی هەڵەبجە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە کە تەنها لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا 50 هەزار دار زەیتوون روێندراون.

کۆمەڵگەی خۆراکی راسان پڕۆژەیەکی گەورەی پیشەسازی خۆراکە لە هەڵەبجە و یەکێک لە پڕۆژەکانی ناو کۆمەڵگەکە کردنەوەی کارگەیەکی گەورەی شیرەمەنییە لەماوەی یەک ساڵدا کە گەورەترین کارگەیە لەسەر ئاستی ناوچەکەدا.

کارگەکە بڕیارە تا ساڵێکی دیکە کارەکانی تەواو بکرێت و هەموو شیری ئاژەڵدارانی ناوچەکە بکڕێتەوە و بەمەش کەرتی ئاژەڵداری لە ناوچەکە گەشەیەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.

بە تەواوبوونی کارگەکە، نزیکەی هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە و دەوروبەری دەڕخسێنێت.

بابەتی پێشتر

 بەهۆی فرۆشتنی گۆشتی بێ مۆرەوە گۆشتفرۆشێک داخرا

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی ئەو وەزارەتەی ئاشکراکرد کە سبەینێ مووچە وەردەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لەبارەی ڕاگرتنی هاوڵاتییانی ناوەڕاست و خواری عێراق لە بازگەكانی هەولێر ڕوونكردنەوە دەدرێت

به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی بازگه‌كان ڕایدەگەیەنێت، هەموو هاوڵاتییەکی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و کاری پێویستیان بۆ…
Total
0
Share