پێوەری زیرەكی كارەبا ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت

پێوەری زیرەكی كارەبا لە سلێمانی – فۆتۆ/ نەبەز عومەر

بەستنی پێوەری زیرەك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، تا ئێستاش لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر 20% پرۆژەكە كۆتایی هاتووە.

بەرپرسانی كارەبا پێوەری زیرەك بە چارەسەی كێشەی كارەبا دەزانن، هەوڵەكانیش لە ئێستادا چڕكراونەتەوە بۆ ئەوەی سەرجەم هاوبەشانی كارەبا ئەو پێوەرەیان بۆ ببەسترێت.

“لە سەنتەری شاری سلێمانی-یەوە دەست بە بەستنی پێوەرەكان كراوە”

سیروان محەمەد، وتەبێژی كارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2019ەوە دەستمان بە دانانی پێوەری زیرەك كرد، تا ئەمڕۆ سێشەممە 22ی كانونی یەكەم، زیاتر لە 141 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبامان بۆ هاوبەشەكانمان لە سنووری 54 گەڕەكی سلێمانی بەستووە”.

وتەبێژی كارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، “لە سەنتەری شاری سلێمانی-یەوە دەست بە بەستنی پێوەرەكان كراوە، كە تەواو بوو دواتر دەچینە قەزا و ناحیە و شوێنەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی”.

“لە سنووری پارێزگای سلێمانی 650 هەزار هاوبەشی كارەبامان هەیە”

“ڕۆژانە تیمەكانی كۆمپانیای شاندز (جێبەجیكاری پرۆژەكە)، بە سەرپەرشتیی لیژنەكانی بەڕێوبەرایەتیی كارەبای سلێمانی كاردەكەن و بەردەوامن لە بەستنی پێوەری زیرەك”، وتەبێژی كارەبای سلێمانی وای وت.

كارەبای سلێمانی و هەولێریش ئاماژە بەوەدەكەن، هاوڵاتییان بەدەمەوەچوونیان بۆ پرۆسەی بەستنی پێوەری زیرەك باشە و هاوكاری تیمەكانن.

“پێوەرەكە بەبێ بەرامبەر بۆ ماڵان دەبەسترێت”

حسێن حەمە، بەڕێوبەری گشتیی كارەبای هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە هەولێر 137 هەزار پێوەری زیرەك بەستراون، كاركردنیش لە پرۆژەكە بەردەوامە، لە سنووری پارێزگای هەولێر 608 هەزار هاوبەشی كارەبامان هەیە و بەردەوام لەگەڵ گەشەی پارێزگاكەدا ئەو ژمارەیە لە زیادبووندایە”.

بەڕێوبەری كارەبای هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، “بڕیارە ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی سەرجەم بەشداربووەكان پێوەریان بۆ ببەسترێت”.

ئەو بەڕێوبەرەی كارەبا باسی لە باشییەكان پێوەری زیرەك كرد و وتی، “پێوەری زیرەك یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی وەزارەتی كارەبا و حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەبەستیش لێی نەهێشتنی سەرپێچییەكانی سەر تۆڕی كارەبایە”.

“وزەی ونبوو نزیكەی 35 بۆ 40%ە، بەشێكی هۆكارەكەی ئەو سەرپێچییە زۆرەیە كە لەسەر كارەبا هەیە و پێوەری زیرەك نایهێڵێت”

ئاماژەی بەوەشكرد، “پێوەری زیرەك لەسەر ستوونەكان دەبەسترێت هاوڵاتی دەستی پێناگات و سەرجەم بۆردەكان و پێوەرەكان بەستراوەتەوە بە سیستمی كۆنتڕۆڵەوە، هەر دەستكارییەكیش بكرێت پێی دەزاندرێت”.

یەكێكی دیكە لە سوودەكانی بەستنی ئەو پێوەرە، دەگەڕێندرێتەوە بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و كێشە و گرفتەكانی فەرمانگەكانی كارەبا و هاوڵاتییان و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت.

هەرچەندە كاركردن لە بەستنی پێوەرە زیرەكەكە بە خێرایی دەستی پێكرد، بەڵام قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا سستی و ڕاوەستانی خستە كارەكەوە.

بەگوێرەی ئاماری فەرمی وەزارەتی كارەبای هەرێم، یەك ملیۆن و 500 هەزار بەشداربووی كارەبا لە هەرێمی كوردستاندا هەن و بڕیارە بۆ سەرجەمیان پێوەری زیرەك ببەسترێت.

بابەتی پێشتر

تەنها بەداهاتى 3 مانگى دەتوانێت موچەى 8 ساڵى هەموو فەرمانبەرانى هەرێم بدات

بابەتی دواتر

ڕاوێژکاری ئابوریی کازمی پێشبینی دەکات نرخی نەوت بگاتە 65 دۆلار

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ناردنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ى به‌غداد تاكه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت؟

ئه‌ندامێكى خوولی پێشووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌بێت ناردنى 200 ملیار دیناره‌كه‌ى به‌غداد تاوه‌كو بودجه‌ى داهاتوو به‌رده‌وامبێت. جه‌مال…
Total
0
Share