تەندروستیی سلێمانی: ئایا ئەگەر قوربانیکردن ببێتەهۆی نەخۆشییەکی مەترسیدار خێرە؟
با مامۆستایانی ئاینی وەڵاممانبدەنە

بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و قائیمقامیەتی سلێمانی مەترسییەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و رێکارەکانی خۆپارێزی دەخەنەڕوو، بەتایبەتی رێکارەکانی تایبەت بە جەژنی قوربان و قوربانیکردن.

لەبارەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونەوە دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، ئێستا لە هەموو پارێزگاکانی عێراق نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە، ژمارەی مردنیش لە سەرتاسەری عێراقدا زۆر زیادیکردووە.

جەختیکردەوە، نەخۆشییەکە زۆر ترسناک و کوشندەیە، لە هەر دوو تووشبوویەک یەکێکیان گیانلەدەستدەدات، بۆیە دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەکە بکرێت.

باسی لەوەشکرد کە رێکارەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ڤێتێرنەری و قائیمقامیەتی سلێمانی دەستیپێکردووە.

دکتۆر سەباح هەورامی لە وتەکانیدا پرسی، ئایا ئەگەر هاوڵاتییەک قوربانی بکات لە جەژنی قورباندا، لە رووی دینییەوە خێری دەگات و قوربانییەکەی دروستە؟ داواشیکرد کە مامۆستایانی ئایینی وەڵامبدەنەوە.

داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە هەر کەسێک سەرپێچیی رێنماییەکان دەکەن رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر، جەختیکردەوە، وەکو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی سکاڵا لەسەر هەر کەسێک دەکەن سەرپێچیی رێنماییەکان بکات.

لەلایەکی دیکەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، کە رێکاری توندیان دەستپێکردووە بۆ رێگریکردن لە بە نایاسایی سەربڕین و فرۆشتنی گۆشتی نەپشکنراو کە دەبێت ئاژەڵ لە کوشتارگەکان سەرببڕدرێت و پشکنینی بۆ بکرێت.

باسی لەوەکرد، لە مەیدانەکانی ئاژەڵفرۆشتن ڕێگری لە سەربڕینی ئاژەڵ دەکرێت و لیژنەی تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە داناوە، هەروەها کاری رشاندن بۆ شوێنەکانی گۆشتفرۆشتن لە سلێمانی دەکرێت کە زیاترن لە هەزار گۆشتفرۆشی.

هەر لەوبارەیەوە دکتۆر سەباح هەورامی وتی، یەکێک لە رێکارەکان دەکەوێتە سەر راگەیاندنەکان کە کاری هۆشیارکردنەوەیە و داوای لە کەناڵەکانی راگەیاندن کرد رۆڵی گەورەیان هەبێت لەورووەوە و لەرێگەی رێنماییەکان یان ئەو فیلمە جیهانییانەی کە باس لە نەخۆشییەکە دەکات هاوڵاتییان هۆشیاربکەنەوە.

 

بابەتی پێشتر

پشکنینێکی سادەی خوێن دەتوانێت 50 جۆری شێرپەنجە ئاشکرابکات

بابەتی دواتر

مامۆستایانی خۆبەخش داوای دامەزراندنیان دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share