قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کێشە بۆ پڕۆژەکان لە سنووری راپەڕین دروستبکات یان کەمتەرخەم بێت لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتییان، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە دەڤەرەکەدا کرا و بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا و تا کۆبوونەوەی دووەم کێشە و گرفتی بەردەم سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی راپەڕین دیاریبکرێن کە داوای مۆڵەتیان کردووە و ئامادە بکرێن بۆ کەوتنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە گلەیی و ناڕەزایی وەبەرهێنەران و هاوڵاتییانی دەڤەرەکە لە سستی بەڕێوەچوونی کاروباری هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی مامەڵەی یاسایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنەران و رایگەیاند، “ئەم دۆخە قبوڵکراو نییە و دەبێت لە ئەمڕۆوە هەڵمەتێکی گەورەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە دەستپێبکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کێشە بۆ پڕۆژەکان دروستبکات یان کەمتەرخەم بێت لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتییان، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت”.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر کێشەکانی شارەوانی و تەرخانکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکان کرا، لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد لە تەرخانکردنی زەویدا ئەولەوییەت بدرێت بە پڕۆژەکانی پیشەسازی و بازرگانی و ئەو پڕۆژانەی کە زۆرترین هەلی کار بۆ دانیشتوانی ئیدارەی راپەڕین دابیندەکەن.