حکومەتی هەرێم لە 80 رۆژی هەناردە نەکردنی نەوتدا دوو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە

عێراق کار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی تەکنیکی لەگەڵ تورکیا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە، بەپێی خەمڵاندنەکان تا ئێستا هەرێمی کوردستان یەک ملیار دۆلار زیانی بەوهۆیەوە بەرکەوتووە.

بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، هەوڵ هەیە بۆئەوەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا دەستپێبکەن تاوەکو هەناردەی نەوتی هەرێم جارێکی دیکە لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام هیواکان بۆ دانانی چارەسەرێکی خێرا لاوازن.

لە 25ی ئازارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە راگیراوە کە بڕەکەی 450 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.

بەپێی داتا بەردەستەکان لە ماوەی 80 رۆژی رابردوودا کە هەناردەکردنی نەوت راگیراوە، هەرێمی کوردستان بڕی دوو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.

دوو سەرچاوەی عێراقی کە ئاگاداری گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و عێراقن لەوبارەیەوە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە، گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەگەری هەیە دەستپێبکات.

بەرپرسێکی نەوتی عێراقی ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، کۆمپانیای وزەی دەوڵەتی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش دەستپێکردنەوەی بۆرییەکە پێویستی بە پشکنینی تەکنیکیی زیاتر هەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا یاداشتێکی تەکنیکی لەبارەی ئەو بۆرییە نەوتییەی کە هەناردەی نەوتی هەرێمی لێوە دەکرێت بۆ تورکیا دەخرێتەڕوو.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە بە مانای دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن نییە چونکە ئەم بڕیارە پێویستی بە گفتوگۆی سیاسی هەیە لە ئاستی بەرزدا، بۆیە پێشبینی دەکرێت شاندێکی وزەی تورکیا سەردانی بەغداد بکات، بەڵام تا ئێستا وادەی دیاری نەکراوە.

بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی هات کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت تورکیا بەبڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بدات بە حکومەتی عێراق، بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ مۆڵەتی حکومەتی بەغداد  لە ساڵانی نێوان 2014 بۆ 2018.

هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەهۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا لە مانگی رابردوو و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم دواکەوت.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، یەکێک لەو پرسانەی دەبێت لەمبارەیەوە چارەسەربکرێت، بڕی ئەو قەرەبووەیە کە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی دیاریکردووە.

لەم هەفتەیەدا یاسای بودجەی عێراق ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو پەسەندکران، بەپێی یاسای بودجە هەرێمی کوردستان بڕی 12.67%ی بودجەی گشتیی عێراقی بەردەکەوێت کە دەکاتە 198.9 تریلیۆن دینار واتە 153 ملیار دۆلار وەردەگرێت.

بابەتی پێشتر

کیلیان مباپێ: ئەو ڕێزەی مێسی لە فەرەنسا شایەنی بوو بەدەستی نەهێنا

بابەتی دواتر

لە گەرمیان ئۆتۆمبێلێکی حکومی منداڵێک دەکات بەژێرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share