وەزیری خوێندنی باڵا: هەر كەسێك دەستێوەردان لە تاقیكردنەوەكاندا بكات رووبەڕووی سزا دەكرێتەوە

وەزیری خوێندنی باڵا دوای بەسەركردنەوەی هۆڵی تاقیكردنەوەكانی توانستی زانستی رایدەگەیەنێت، هەر کەسێک کەمتەرخەمى یان دەستتێوەردانى ناڕەوا لە پرۆسەکەدا بکات رووبەڕووى سزاى کارگێرى و یاسایى دەکەینەوە.

ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە زانکۆى چەرموو لە چەمچەماڵ هۆڵى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆراى بەسەرکردەوە رایگەیاند، لە چواردە زانکۆى کوردستان 15 هەزار و 728 خوێندکار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکاندا كردووە.

دڵنیاییشی بە دەرچووان دا “هەر کەسێک کەمتەرخەمى یان دەستتێوەردانى ناڕەوا لە پرۆسەکە بکات رووبەڕووى سزاى کارگێرى و یاسایى دەکەینەوە”.

وه‌زیری خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، كاریان بۆ ئەوە كردووە سێكوچکەى (شه‌فافیه‌ت، رەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری) له‌ پرۆسه‌ی خوێندنی باڵا/ دبلۆمى باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ زانكۆكانی كوردستان ره‌نگ بداته‌وە و مافی هیچ پێشكه‌شكارێك نه‌فەوتێت، بەشێوەیەک پڕۆسه‌كه‌ دوور بێت له‌ هه‌موو ده‌ستێوه‌ردانێك.

دوپاتیشیکردەوە، دواى پرۆسەى تاقیکردنەوەکان، پڕۆسەى سیستمى خاڵبەندى و رێکخستنی پێشبڕکێ لە نێوان پێشکەشکاران لە رێگەى لیژنەیەکى تایبەت لە زانکۆکان ئەنجامدەدرێت و، دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پەسەنددەکرێت و لەگەڵ داتای سەرجەم پیشکەشکاراندا رادەگەیەنرێت ئەمەش لەپێناو هەبوونى بنەماى شەفافیەت لە پڕۆسەى پێشبرکێ، پاشان دەرگاى سکاڵا و تانەگرتن دەکرێتەوە و هەموو سکاڵاکان بەهەند وەردەگیرێن.

لەو 15 هەزار و 728 پێشكەشكارەی داواكارییان بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى کوردستان پێشکەش کردووە، 11 هەزار و 382 بۆ خوێندنی ماستەر، دوو هەزار و 692 بۆ دكتۆرا، 177 بۆ دبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشكی و هەزار و 477 بۆ دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى داواكارییان پێشكەشكردووە و ئەمڕۆ بەشدارى تاقیکردنەوەکانیان کرد.

بابەتی پێشتر

بۆچوونی حكومەت لەسەر دەستكاریكردنی ماددەكانی بودجە چییە؟

بابەتی دواتر

هۆكاری كەوتنی كرێن تاوەرەكەی سلێمانی ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share