هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێردا، دەستگیركردنی سێ باندی فرۆشتنی ئامێرەكانی قۆپیكردن رادەگەیەنێت
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی / ناوشار، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، سێ باندی شەش كەسی فرۆشتنی ئامێرەكانی قۆپیكردن و فریوودانی خوێندكارانی دەستگیركرد.
لە راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، دوای بەدواداچوون و چاودێریی وردی هێزەكانی دەزگای ئاسایش بۆ دەستكەوتنی زانیاری لەسەر فرۆشتنی ئامێرەكانی قۆپیكردن و فریوودانی خوێندكاران لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، شوێنی ئەو كەسانە دەستنیشانكرا و بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و لەسەر راسپاردەی وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، توانرا سەرجەم ئەندامانی باندەكە دەستگیربكرێن و رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە و دەستبگیرێت بەسەر چەند ئامێر و كەرەستەیەكی قۆپیكردن كە بریتین لە:
_ ئامێری ( بێسیم ) بۆ پەیوەندیكردن، بەچەند شێوازێك كە لە پێڵاو و جلی ژێرەوەی پیاوان و ژناندا شاردرابوونەوە.
_ بیستۆك ( سەماعە )ی قۆپیكردن.
_ ماستەركارتی قۆپیكردن.
_ قەڵەم جافی قۆپیكردن .
_ دروستكردنی پرسیارەكانی كۆتایی پۆلی 12 بە شێوەی تەزویر ( ساختە ) بۆ فریوودان.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە،
تۆمەتباران پێكهاتوون لە( أ ، ف ، ح ) ، ( ب ، ع ، س ) ، ( ئ ، ن ع ) ، ( ئ ، ع ، ح ) ، ( ك ، ئ ، م ) ، ( ن ، م ، م ) كە تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 23 ساڵە و دانیشتووی هەرێمی كوردستانن، ویستوویانە لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بە فرۆشتنی ئۆنلاین ئامێرەكانیان ساغبكەنەوە .
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە خوێندكاران، لە پێناو چەسپاندنی یاسا، رووبەڕووی هەر كارێكی نایاسایی دەبێتەوە و داواكارە لە خوێندكاران هۆشیاربن و فریوو نەدرێن بەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی پرسیار دەكەن، هەروەها بەدووربن لە بەكارهێنانی ئامێرەكانی غەشكردن، لە پێناو ئەنجامدانی تاقیكردنەوەیەكی ئارام و سەركەوتوودا.