وەزیری دارایی: دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو رێككەوتنەكان پەشیمانبوونەوە

وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە حكومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران “دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو ئەو رێككەوتنانە پەشیمانبوونەوە كە بە درێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردوولا ئەنجامدران”.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەزیری دارایی دەڵێت، “راستییەك هەیە كە كەس ناتوانێت سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان بەدەربكات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداریی و دارایی و یاسایی، هەربۆیە بەرنامەی چاكسازیی راگەیاندووە، بەڵام نابێت هیچ كات رێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیكەڵ بە مافە دەستووری و یاسایی و نیشتمانی و نەتەوەییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكرێت”.

لە راگەیەندراوەكەی وەزیری داراییدا هاتووە، هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەو بڕگەو ماددانەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق كراون كە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار و رێككەوتن و لێكتێگەیشتنانەن كە لەپێش پێكهێنانی ئەم كابینەیەی حكومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژووكراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاریی كابینەكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر دراو دواتریش رێككەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی بەدوادا هات و دوایین رێكکەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم واژووكرا.

راشیگەیاند، هەر لەسەرەتای ڕەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە حكومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو ئەو رێككەوتنانە پەشیمانبوونەوە كە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردوولا ئەنجامدرابوو، ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست كە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بە نەفەسی دژایەتی و بچووككردنەوەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن كە ئەوەش درێژكراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێكی هەرێمییە بەرامبەر بە دۆزی كورد.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەهۆی سەپاندنی ئەو هەموو كۆت و بەند و بارگرانییە زاڵمانەوە دۆخێكیان بەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی سەپاندووە كە بەهیچ جۆرێك مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیی هەرێمی كوردستان وەك هاوڵاتیەكی عێراقی نەكراوە و ئەوەش كارێك دەكات كە حكومەتی هەرێم بە گشتی و وەزارەتی دارایی نەتوانێت بە ئەركەكانی خۆی هەستێت، بۆیە سەركۆنەی هەموو ئەو گۆڕانكاریە ستەم كارانەیە دەكەم بەتایبەت دوای ئەوەی زۆربەی تێچووی نەوت و گواستنەوە و قەرزی (تی بی ئای) ….هتد بەبێ تەرخان خراوەتە سەر پشكی كوردستان.

وەزیری دارایی لە پەیامەكەیدا دەڵێت، بەداخەوە جارێكی تر بەهۆی ناكۆكی و دووبەرەكی ناوماڵی كورد و بەهۆی مزایەدەیەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستییەوە نەتوانرا كێشە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەكان جیابكرێنەوە و ئەو كەشوهەوا ناتەندروستەی لە ئێستادا دروستبووە و دۆخێكی بەسەر هەرێمی كوردستان سەپاندووە هاوتای ئەنفالێكی ترە.

دەشڵێت، “خۆزگە ئەو هێز و لایەنانەی ناو پەرلەمانی عێراق كە بەناوی شەفافییەت و یەكسانیەوە ئەو هەموو كۆت و بەندانەیان بەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی سەپاندووە تەنها لە 10%یان بەرامبەر خۆیان لە عێراق جێبەجێبكردایە، هەر هیچ نەبێت لە 10 ساڵی ڕابردوودا بۆ یەك جاریش ئەژمێری كۆتایی ڕەوانەی پەرلەمان و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بكردایە، بیانتووانیانە ژمارەی سەكۆ نایاساییەكانی باركردنی نەوتیان سنووردار بكردایە و ملیارەها دۆلارە دزراوەكەی عێراق چارەنووسی دیاریبكرایە سەرەڕای ئەوەی كە ڕۆژانە بەسەدان هەزار بەرمیل نەوت دەبرێت و داهاتەكەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و هەموو گەلی عێراق بە هەرێمیشەوە لێی زەرەرمەندە و ئەگەر پێچەوانەكەی بكرایە سەرەڕای دەستخۆشی ئەو كاتە هەر فشارێكیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووایە لێكدانەوەی شۆڤێنیمان بۆ نەدەكرد”.

بابەتی پێشتر

بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم كەمدەكات

بابەتی دواتر

دەستگیركردنی گروپێكی بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر راگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەریلا 22 سەربازی توركیای كوشت

هەپەگە بڵاویكردووەتەوە لە چەند چالاكییەكدا 22 سەربازی سوپای توركیا كوژران. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی…
زیاتر ببینە

لە قەزای قەرەداغ پشوو راگەیەندرا

بەهۆی بەفربارینەوە لەسەرجەم فەرمانگە و قوتابخانەکانی سنووری قەرەداغ پشوو راگەیەندرا. قائیمقامیەتی قەزای قەرەداغ، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەسەرجەم…
Total
0
Share