بەرزترین رێژەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا لەماوەی چوار ملیۆن ساڵی رابردوودا تۆمارکراوە

بزوێنەری سەرەکیی گەرمبوونی جیهان کە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، هیچ ئاماژەیەکی کەمبوونەوە و خاوبوونەوە نیشان نادات بە پێچەوانەوە دەگاتە ئاستێکی پێوانەیی.

بەرپرسانی چاودێریی بەرگەهەوا و گازە گەرمکەرەکانی جیهان رایانگەیاند، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئەو گازەی کە گەرمی لە بەرگەهەوای زەویدا قەتیس دەکات، لە لوتکەی ساڵانەی وەرزی بەهاردا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە و بە یەکێک لە خێراترین بەرزبوونەوەی رێژەی تۆمارکراو دادەنرێت.

دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا ئێستا لە بەرزترین ئاستیدایە لە ماوەی زیاتر لە چوار ملیۆن ساڵی رابردوودا، بەهۆی سووتانی بەردەوامی نەوت و خەڵوز و گاز.

زانایان رایانگەیاندووە، دوایین جار کە زەوی ئەم رێژە بەرزەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنی تێدابووە ئەو سەردەمە بووە کە زەوی شوێنی قەتیس بوونی گازە گەرمکەرەکان بووە و گونجاونەبووە بۆ ژیانی مرۆڤ بەر لە  گەشەکردنی مرۆڤایەتی.

ئیدارەی نیشتمانیی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا رایگەیاند ، ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە لە مانگی ئایاری رابردوودا لە هاوای پێوانەکراوە ، بە تێکڕا 424 بەش بووە لە ملیۆنێکدا.

ئەمەش سێ بەش لە ملیۆنێک زیاترە لە تێکڕای مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، بە ڕێژەی 51% زیاترە لە ئاستی پێش پیشەسازی کە 280 بەش بووە لە ملیۆنێک.

بەرزبوونەوەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەمساڵدا یەکێکە لە گەورەترین بەرزبوونەوەی ساڵانەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ساڵێکدا، دوای ساڵانی 2016 و 2019 کە بازدانی 3.7 و 3.4 بەش لە ملیۆنێکدا تۆمارکرد.

ئارلین ئەندرۆس، سەرۆکی بەشی خولی کاربۆن لە گروپی چاودێریکردنی گازی گەرمخانەیی NOAA دەڵێت، “بۆ من مایەی نیگەرانییە، گەرمبوونەکە زۆر زیاترە لە 10 یان 20 ساڵی رابردوو”.

ئارلن ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر رێژەی دەردانی گازی ژەهراوی ساڵانە یەک بەش لە ملیۆنێک زیادی دەکرد، بەڵام ئێستا بە دوو یان تەنانەت سێ هێندەی ئەو رێژەیە زیاد دەکات، ئەمەش بەندە بە روودانی دیاردەی ئەلنینۆ.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، کیم کۆب، پسپۆڕی کەشوهەوا لە زانکۆی براون کە بەشێک نەبووە لە تیمی توێژینەوەکە، دەڵێت، “بەردەوامی بەرزبوونەوەی ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا زۆر نیگەرانکەرە”.

ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرز دەبێتەوە بەجۆرێک ساڵانە بەرزتر دەبێتەوە لە چاو ساڵی پێشوو.

ئارلین ئەندرۆس دەڵێت، بەڵام خولێکی وەرزی هەیە کە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە مانگی ئایاردا دەگاتە بەرزترین خاڵی تێربوونی، ئەمەش لەبەرئەوەی دوو لەسەر سێی زەوی جیهان لە نیوەگۆی باکووردایە و ڕووەکەکان دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا هەڵدەمژن، بۆیە ئاستی بڵاوبوونەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە کۆتاییەکانی بەهار و هاویندا دادەبەزێت پێش ئەوەی لە مانگی نۆڤەمبەردا دووبارە دەست بە زیادبوون بکاتەوە.

ئەندرۆس ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە کاتی خولەکانی روودانی ئێل نینۆدا زیاتر بەرزدەبێتەوە، چونکە لە نیوەگۆی باکوور وشکترە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا دیاردەیەکی ئێل نینۆ لە ئارادایە و زیادبوونی سێ بەش لە هەر ملیۆنێک ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، رەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ سەرهەڵدانی دیاردەی ئێل نینۆ.

 

بابەتی پێشتر

رۆژی پێنجشەممە دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دەدرێت

بابەتی دواتر

تۆمەتبارێک لە میسان هەڵاتبوو لە سلێمانی دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share