بەبڕیاری ئەنجومەنی دادوەریی عێراق تەمەنی بەرپرسیارێتیی تاوان لە 9 کەسی نۆ ساڵانەوە بەرزکرایەوە بۆ 12 کەسێک کە 12 ساڵ تەمەنی بێت، بڕیارەکە لە عێراق جێبەجێدەکرێت و هەرێمی کوردستان تا ئێستا لەوبارەیەوە بڕیاری نەداوە.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا شەهرام میرحاج وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری بەرزکردنەوەی تەمەنی بەرپرسیارێتیی تاوان تا ئێستا تەنها لە عێراق جێبەجێدەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمی کوردستان هەر تەمەنی بەرپرسیارێتیی تاوان زیاترە.
ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق تەمەنی بەرپرسیارێتیی تاوانی لە 9 ساڵەوە بەرزکردووەتەوە بۆ کەسانی تەمەن 12 ساڵ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەمەنەکە ئێستا 18 ساڵە.
بەپێی وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی ئەو بڕیارەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت پێویستە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی لەبارەوە بکات و بڕیارەکە پەسەند بکرێت لە پەرلەمان، لەو حاڵەتەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بە بڕیاری ئەنجومەنی دادوەریی عێراق، تەمەنی بەرپرسیارێتیی تاوان لە کەسانی 9 ساڵەوە بۆ کەسانی تەمەن 12 ساڵ بەرزکرایەوە و بڕیارەکە لەسەرجەم پارێزگەکانی عێراق جێبەجێدەکرێت.