كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمیش سەبارەت بە كۆمسیۆن سەركەوتوو نەبوو

ئەو كۆبوونەوەیەی بڕیاربوو ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لەسەر داوای جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوێندخواردنی دوو ئەندامی نوێ بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجامیبدات، هاوشێوەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان سەركەوتوو نەبوو.

بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات بەمەبەستی سوێندخواردنی دوو كەس (کە متمانەی پەرلەمانیان وەرنەگرتووە وەک کۆمسیار) بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم، بەپێی ئەو نوسراوەی “بە نایاسایی و ناپەیڕەویی” لەلایەن هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنەكە كرابوو.

بەڵام ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم نەیتوانی رێژەی ئامادەبوونی یاسایی پێویست بۆ گرێدانی کۆبوونەوەكە پێکبهێنێت.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا دوای دووجار بانگێشت بۆ كۆبوونەوە، تەنها پێنج دادوەر ئامادەبوون، لەكاتێكدا رێژەی ئامادەبوونی یاسایی پێویستە شەش دادوەری ئەندام بێت لە ئەنجومەنەكە.

دوێنێ رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە وتەیەكدا داوای لە ئەنجومەنی دادوەری كرد رۆڵی ئەخلاقی و یاسایی و پیشەیی خۆی بگێڕێت، نەبێتە بەشێک لە پڕۆسەیەکی نایاسایی کە بەڕێوەدەچێت، وەك ئەو وتی، “چونکە یەکێتی بژاردەی دیکەی هەیە بۆ راگرتنی ئەو مەهزەلەیە”.

لەلایەكی دیكەوە لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لە دوا كۆبوونەوەی پەرلەماندا هیچ پڕۆسەیەك بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن رووینەداوە، ئەو رۆژە لە نێو پەرلەماندا شەڕبووە و ئەوەی دەڵێت كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە با بەڵگەیەك یاخود گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوبكاتەوە كە كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە”.

وتیشی، “ئەوەی دەوترێت سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن گاڵتەرجارییە بە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان”.

كۆبوونەوەی 23ی ئایاری پەرلەمانی كوردستان بە وتەیەكی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرایەوە و دواخرا، دوای ئەوەی هەریەك لە جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان 19 كاتژمێر بەر لە كۆبوونەوەكە داوای زیادكردنی بڕگەیەكیان بۆ كۆبوونەوە تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم پێشكەشكرد و دواتر بەبێ رەچاوكردنی یاسا و پەیڕەو لە بەرنامەی كاردا دایاننا.

رێواز فایەق دوێنێ روونكردنەوەی لەبارەیەوە دا و وتی، “بە هێمن هەورامیم وت دایمەنێ چونکە قبوڵی ناکەم، وتی جەنابی سەرۆک پێیوتوم بیکەم، لەبەردەمی ئێمەدا تەلەفۆنێکی بۆ هات وتی ‘ئەوە تەلەفۆنی جەنابی سەرۆکە و پێمدەڵێت بیکە و دەبێت بکرێت’، وتم ‘تۆ بیکە ئێمەش دەزانین چی دەکەین’، دواتر کاتێکی کەم لەبەردەمماندا بو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی و بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتەی یاسا پێیداوم بەکاریبهێنم، چۆن دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە رۆژی کۆبوونەوەکە دیاری بکات، هەر لەناو ئەو بڕگەیە هاتووە کە دەسەڵاتیەتی دوایبخات”.

سەبارەت بە رۆژی دانیشتنەكەش سەرۆكی پەرلەمان ئەوەی خستەڕوو، “ویستم لەناو هۆڵی پەرلەمان بەریەککەوتن روونەدات، تەسەورم وابوو کە دانیشتنەکە کۆتایی پێدەهێنین، هەموو شت کۆتایی پێدێت، لەڕووی پەیڕەوی و یاساییەوە هەموو شتێک کۆتایی پێهاتووە، کە ئێمە هەڵدەستین فراکسیۆنی یەکێتی لە بەردەم دوو بژاردەدایە، یەکەم، کە من هەڵدەستم فراکسیۆنی یەکێتی هەڵدەستێت کە بۆ بژاردەی یەکەم ئامادەبووە، دوەمیش، ئەگەر جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە ناپەیڕەوی بڕیاردەدات کۆتایی بە دانیشتنەکە نەهێنێت، ئەوا فراکسیۆنی یەکێتی ئەرکیەتی نەیەڵن ئەو کارە ناپەیڕەوییە بەڕێوەبچێت”.

دووپاتیشیكردەوە، ئەوەی لە کۆبوونەوەی 23ی ئایار لە ناو پەرلەمان روویدا، نایاسایی و ناپەیڕەوییە. ئەوەشی وت، “ئیرادەی یەکێتی لەگەڵ ئیرادەی هێزە سیاسیەکانی دیکە کە هەموومان پێکەوە پاکێجێکمان هەبووە و، ناکرێت هەڵبژاردنمان لەسەر فەرز بکرێت بەو یاسایە”.

بابەتی پێشتر

قائیمقامیەتی سلێمانی دەستدەگرێت بەسەر دوو تۆن و نیو فستق و کۆگاکە دادەخات

بابەتی دواتر

راگەیەندراوێك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share