بزووتنەوەی گۆڕان: هیچ کۆبونەوەیەکى کۆمسیۆن بە پێویست نازانین

بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بۆ رێگەگرتن لە بەردەوامى ئەم دۆخە و لێکترازانى زیاتر، رێگەنەدان بە پێشێلکردنى یاسا و بنەماکانى سازانى نیشتمانى هیچ کۆبونەوەیەکى کۆمسیۆن بەپێویست نازانن.

ئەمڕۆ شەممە بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “پاش چەندین هەوڵى بزووتنەوەى گۆڕان بۆ هێورکردنەوەى دۆخى سیاسی هەرێمى کوردستان و چارەسەرى ناکۆکییەکان لە رێگەى دامەزراوە فەرمیەکانەوە، جارێکى دیکە پرسى کاراکردنەوەى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسى کوردستان لێکترازانێکى ترى دروستکرد”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بزوتنەوەى گۆڕان لە 31ی ئازاری  2021دا پڕۆژەیەکى بۆ هەموارى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکەشکرد و داواى کاراکردنەوەى کۆمسیۆنى کرد لە پێناوى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد لەکاتى یاسایی خۆیدا، بەڵام بۆ ئەم پرسە هیچ هەنگاوێکى پراکتیکى نەنرا، دواجار پێنج لایەنى سەرەکى لە 11 ی ئازاری 2023 رێکەوتنێکیان ئیمزاکرد، کە ئەم دوو پرسە رەهەندى نیشتمانییان هەیە و پێویستە بە سازان و هاوتەریب هەموار و کارا بکرێنەوە”.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بزوتنەوەى گۆڕان سیاسەتى سەربەخۆى خۆى هەیە، کە پێداگرییە لە بنەما یاساییەکان و گەڕانەوەى شکۆ بۆ دامەزراوەکان، بۆ رێگەگرتن لە بەردەوامى ئەم دۆخە و لێکترازانى زیاتر، هەروەها رێگەنەدان بە پێشێلکردنى یاسا و بنەماکانى سازانى نیشتمانى هیچ کۆبونەوەیەکى کۆمسیۆن بەپێویست نازانین”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا جەختلەوەکراوەتەوە، “وەکو ئەرکى نیشتمانى و سیاسی لە پێناو دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ چارەسەری ناکۆکیەکانى هەرێم و پێشهاتە نوێیەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر گوزەرانی خەڵك و پاراستنى قەوارەى هەرێم، بزووتنەوەى گۆڕان داوای کۆبونەوەى لوتکەى پارتە سیاسییە سەرەکیەکان دەکات”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سبەینێ دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بەڕووی خوێندكاراندا دەكرێنەوە

بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی رایدەگەیەنێت، سبەینێ دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بەڕووی خوێندكاراندا دەكرێنەوە و ئامادەكاریی پێویست بۆ دەستپێكردنەوەی ساڵی…
Total
0
Share