لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی سلێمانییەوە سێ تۆمەتبار دەستگیركران و دەستیشگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا كە لە دادگای بەغدادەوە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی هەبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، “مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناو بازاڕ لە قەزای شارەزوور تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد و دەستیانبەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گرت کە بەتۆمەتبار بووە، ئۆتۆمبێلەکە فەرمانی دەستبەسەردا گرتنی هەیە لەدادگای بەغدادەوە”.
باسیلەوەشکرد، “لە ئێستادا تۆمەتبار (ك، م، س) بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان ئۆتۆمبێلەكە رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە چالاكییەکی دیکەدا و لەلایەن نوسینگەی ناو بازاڕی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە، توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن كە فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە لە دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی”.
ئاشکراشیکرد، “لە ئێستادا هەریەك تۆمەتباران ( أ، س و ع، س) بە بڕیاری دادوەر راگیراون و دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێنەوە”.