وردەکاری کاریگەری ڤاکسینەکان لەسەر جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

دوای ئەوەی بەریتانیا ئاشکرایکرد کە جۆرێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تەشەنەیکردووە، وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا دەڵێت، ڤاکسینەکان دەتوانن مرۆڤ لەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا بپارێزن.

جینس شپاهن، وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا ئەمڕۆ 21ی کانونی یەکەم، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەی لە یەکێتی ئەوروپا کراوە، دەردەکەوێت ڤاکسینەکانی کرۆنا دەتوانێت جەستەی مرۆڤ لەبەرامبەر ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا بپارێزێت”.

وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەپێی ئەو زانیارییە تەندروستیانەی لامەنە، ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا کە لە بەریتانیاوە دەرکەوتووە، ناتوانێت لە چوارچێوەی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا دەربچێت و خۆی بدزێتەوە”.

بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپا و هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی سەرجەم گەشتەكانیان لەگەڵ بەریتانیادا هەڵپەسارد، هۆكارەكەشی بۆ بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێندرێتەوە.

ماریا ڤان كیرخۆف، شارەزایەكی ئەمریكی لە نەخۆشییە بەپەلەكاندا كە هاوكات لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی كاردەكات، ڕایگەیاندووە، “دانیمارك و هۆڵەندا و ئوسترالیا ئەو وڵاتانەن كە تائێستا جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنایان تێدا تۆماركراوە”.

ئەو بەرپرسە هۆشداری ئەوەشی داوە، ڤایرۆسە نوێیەكە توانای بڵاوبوونەوەی زیاترە، توێژینەوەكانیش لەبارەیەوە بەردەوامن.

ماریا ڤان كیرخۆف ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی تووشی نیگەرانی بووە بەهۆی ئەو ڤایرۆسە نوێیەی كۆرۆنا.

بابەتی پێشتر

هیچ هێرشبەرێک لە بنزیمە باشتر نییە تەنها کریستیانۆ نەبێت

بابەتی دواتر

" سەڵاح بەختەوەر نییە و لە یارییەکەی میتیلاندەوە هەست بە توڕەیی دەکات "

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share