ماوەی چەند رۆژێکە با و باران و زریانێکی بەهێز بەشێک لە خاکی ئیتاڵیای گرتووەتەوە و بەهێزییەکەی بەشێوەیەکە لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە.
بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی ئیتاڵیا، لە ئەنجامی ئەو باران و زریانەی ماوەی چەند رۆژێکە وڵاتەکەی گرتووەتەوە لایەنی کەم 13 کەس گیانیان لەدەستداوە ژمارەیەکیش هاوڵاتیی بێماڵ و حاڵ بوون جگە لەوەی زیانی ماددی زۆریشی لێکەوتووەتەوە.
میدیاکان ئاشکراشیانکردووە، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هێندەی شەش مانگی رابردوو بارانباریوە، بەمەش ئاوی رووبارەکانی وڵاتەکە بە شێوەی بەرچاو بەرزبوونەتەوە.
بەپێی ئامارەکان لە ئێستادا 20 هەزار کەس بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە لە 41 شار و شارۆچکەدا بەشێکی زۆر لە رێگە سەرەکییەکان و هێڵەکانی شەمەندەفەر داخراون، تیمی زەمینی و ئاسمانی بەردەوامن لە رزگارکردن و یارمەتیدانی ئەو هاوڵاتییانەی زیانیان بەرکەوتووە.
هەرچەندە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە پاڵەوانێتی فۆرمۆلا لە ئیمیلیای رۆمانیا بەڕێوەبچێت بەهۆی ئەو کارەساتەوە هەڵوەشایەوە.