ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا تێدەپەڕێت

نەوشیروان مستەفا ئەمین، سەركردە و رووناكبیر و نووسەری گەورەی كورد، لە ساڵی 1944 لە گەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر و ناسراوی شارەكە لەدایكبووە، هەر لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوودا لە رێكخراوی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان دەستی بە كاری سیاسی كردووە.

نەوشیروان مستەفا قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوكردووە، دواتر چووەتە بەغداد و لە ساڵی 1967دا كۆلێژی زانستە سیاسییەكان تەواودەكات و بۆ درێژەدان بەخوێندن دەچێتە ڤییەنای پایتەختی نەمسا، بەڵام لەپێناو خەبات بۆ دۆزی رەوای گەلەكەی، دەستبەرداری خوێندنی دكتۆراكەی دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان و سێ مانگ دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، لە یەكی حوزەیرانی 1975دا لەگەڵ سەرۆك مام جەلال، فوئاد مەعسوم، كەمال فوئاد، عەبدولرەزاق فەیلی، عادل موراد و عومەرشێخ مووس، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دادەمەزرێنن و خۆشی دەبێت بە كەسی دووەمی یەكێتی و شۆڕشی نوێ.

لە راپەڕینی بەهاری 1991دا، نەوشیروان مستەفا رۆڵی سەرەكی بینیووە، دوای راپەڕینیش هەوڵێكی زۆری داوە لە دامەزراندنی حكومەتێكی دیموكرات و دادپەروەرانەدا.

نەوشیروان مستەفا لە دوایین وێستگەی ژیانی سیاسیدا، لە 11ی نیسانی 2009دا بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و خۆشی بووە رێكخەری گشتیی بزوتنەوەكە.

لە 19ی ئایاری 2017دا، نەوشیروان مستەفا لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد و لە رێورەسمێكدا لە گردی زەرگەتەی سلێمانی بەخاكسپێردرا.

بابەتی پێشتر

لیژنەی ئەمنیی قەزای كۆیە چەند بڕیارێكیدا

بابەتی دواتر

نەوت لەسەروو 76 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share