گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا تا ساڵی 2100 دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رووبەری زەوی بەردەست بۆ چاندنی قاوە بە ڕێژەی 54%، تەنانەت ئەگەر پلەی گەرمیی زەوی بەپێی ئامانجی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کۆنترۆڵ بکرێت.
بەرهەمهێنەرانی قاوە لە هندۆراسەوە تا ئەسیوپیا پشتڕاستیان کردەوە کە لە ئێستاوە بەدەست ناسەقامگیریی ئاوهەواوە دەناڵێنن.
رێکخراوی خێرخوازیی بەریتانی کریستیان ئاید رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بارودۆخی پێشبینینەکراو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بڕی زەوییە گونجاوەکان بۆ چاندنی قاوە بە رێژەی 54.4%، تەنانەت ئەگەر پلەی گەرمیی جیهانی سنووردار بکرێت بۆ 1.5-2 پلەی سەدی کە ئامانجی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە.
زیاتر لە نیوەی ئەو قاوەیەی لە بەریتانیا دەخورێتەوە لە بەرازیل و ڤێتنامەوە دێت کە دوو وڵاتن بە تایبەتی رووبەڕووی کاریگەریی زۆری گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا بوونەتەوە.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەگەڵ بارانبارینی ناڕێک و نەخۆشی و وشکەساڵی و بومەلەرزە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروستدەبێت، هەڕەشەی کەمکردنەوەی پیشەسازیی قاوە و هەژارکردنی بەرهەمهێنەرانی دەکات.
یادیرا لیمۆس، جووتیارێکی قاوە لە هندۆراس باس لەوەدەکات، “وەک بەرهەمهێنەرێکی قاوە، بەرهەمهێنانیان تادێت زیاتر قورستر دەبێت”، ئەوەش پەیوەندیی بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە چونکە پێشتر تەنها قاوەمان چاندووە و بەرهەمی هەبووە ئێستا ئەرکی زیاترە و بەرهەمی کەمترە.
رێکخراوی کریستیان ئاید، هۆشدارییە ترسناکەکەی لە راپۆرتێکی نوێدا بڵاوکردەوە بەناونیشانی، “لە خەو هەڵسە و بۆنی قاوە بکە، قەیرانی کەشوهەوا و قاوەکەت”، راپۆرتەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەرزەکان و پشتگیری دارایی دەکات بۆ یارمەتیدانی جوتیاران بۆ هەمەچەشنکردنی بژێویی ژیانیان.
یێتنا تاکلین، بەڕێوەبەری ئەسیوپیای رێکخراوە خێرخوازییەکە دەڵێت، ئەفریقییەکان 17%ی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن، بەڵام ئێمە تەنها 4%ی دەردانی گازی گەرمکەر بەرهەمدەهێنین کە بووەتە هۆی قەیرانی کەشوهەوا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمەین کە بەدەست قورسایی ئەم قەیرانە و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەناڵێنین، پیشەسازیی قاوەمان گرنگترین هەناردەی ئەسیوپیایە و هەلی کاری بەرچاو دەڕەخسێنێت، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا مەترسیی لەسەرە.